ئاندری شێڤچێنکۆ,[١][٢] (.گۆکردن ; لەدایکبووی ٢٩ی ئەیلوولی ١٩٧٦) بەڕێوەبەری تۆپی پێی ئوکراینایە، یاریزانی تۆپی پێی پیشەگەری پێشوو و سیاسەتمەدارێکی پێشووە. شێڤچێنکۆ وەک ھێرشبەر لە یانەی داینامۆ کیڤ و میلان و چێڵسی و ھەڵبژاردەی ئوکراینا یاری کردووە. لەم دواییانەدا ڕاھێنەری یانەی جێنەوای خولی ئیتاڵیا بووە. شێڤچێنکۆ بە یەکێک لە باشترین ھێرشبەر و یاریزانەکانی ئوکراینا دادەنرێت.[٣][٤] بە تۆمارکردنی ٤٨ گۆڵ گۆڵکاری ھەڵبژاردەی ئوکراینایە.[٥]شێڤچێنکۆ لە یانەی دینامۆ کیێڤ دەستی بە یاریکردن کرد و پێنج نازناوی لەسەریەک بەدەستھێنا پێش ئەوەی گرێبەست لەگەڵ میلان بکات. لە میلان توانی وەک یەکێک لە ھێرشبەرە سەرەکییەکانی ئەورووپا خۆی جێگیر بکات و لە ساڵی ٢٠٠٣ نازناوی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپای بەدەستھێنا. ھەروەھا نازناوی جۆراوجۆری خول و جامی لە ئوکراینا و ئیتاڵیا و ئینگلتەرا بەدەستھێناوە. ھەروەھا لە ساڵانی ٢٠٠٥ و ٢٠٠٨ لە پلەی دووەمی خولی پاڵەوانەکانی ئەورووپا بووە. لە ساڵی ٢٠٠٤ وەک یەکێک لە ١٠٠ گەورەترین یاریزانە زیندووەکانی تۆپی پێ وەک بەشێک لە ئاھەنگی ١٠٠ ساڵەی فیفا دەستنیشانکرا.[٦] لە ژیانی وەرزشی نێودەوڵەتیدا، وەک کاپتن سەرکردایەتی ئوکراینای کرد بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی لە یەکەم یاری جامی جیھانییفیفا لە ساڵی ٢٠٠٦، ھەروەھا بەشداری لە یۆرۆی ٢٠١٢ی ئەورووپا کرد لەسەر خاکی خۆی. شێڤچێنکۆ بە تۆمارکردنی ٦٧ گۆڵ لە ڕیزبەندی حەوتەمی گۆڵکاری سەرجەم پاڵەوانێتییەکانی یانەکانی یوێفادایە. بە تۆمارکردنی ١٧٥ گۆڵ بۆ میلان، دووەم گۆڵکارە لە مێژووی یانەکەدا، ھەروەھا گۆڵکاری ھەموو کاتەکانی دێربی دێلا مادۆنینایە (دێربی نێوان میلان و ڕکابەری ناوخۆیی ئینتەرمیلان) بە ١٤ گۆڵ. لە ساڵی ٢٠١٢دا وازی لە تۆپی پێ ھێنا ڕووی کردە سیاسەت،[٧] لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ئوکراینا لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٢ بۆ پەرلەمانی ئوکراینا کاندید بوو،[٨] بەڵام پارتەکەی نەیتوانی نوێنەرایەتی پەرلەمان بەدەستبھێنێت.[٩][١٠] لە ساڵی ٢٠١٦ گەڕایەوە بۆ تۆپی پێ، وەک یاریدەدەری ڕاھێنەری ھەڵبژاردەی ئوکراینا لە مانگی شوبات تا تەممووز. لە مانگی تەممووزی ٢٠١٦ شێڤچێنکۆ وەک ڕاھێنەری ئوکراینا دەستنیشانکرا، و سەرکردایەتی وڵاتەکەی کرد بۆ قۆناغی چارەکی کۆتایی لە جامی نەتەوەکانی ئەورووپای ٢٠٢٠. شێڤچێنکۆ لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ بووە جێگری سەرۆکی لیژنەی ئۆڵۆمپی ئوکراینا. لە مانگی یەکی ساڵی ٢٠٢٣ لە پۆستەکەی کشایەوە بەھۆی ناکۆکی لەگەڵ ئەنجامی ھەڵبژاردنی سەرۆکی نوێی ئۆڵۆمپیاد ڤادیم گوتزایت.[١١]
سەرچاوەکان