ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی

ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی
١٢٩٩–١٩٢٢
ئاڵا (١٨٤٤–١٩٢٣) ئاڕم
درووشم
دولت ابد مدت«دەوڵەتی ئەبەدی»
شوێنی ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی
دەوڵەتی عوسمانی لە فراوانترین ئاستیدا ساڵی ١٦٨٣
پایتەخت سکود، بۆرسە، ئەدەرنە، ئەستەنبوڵ
زمان(ەکان) عوسمانی
ئایین ئیسلام
حکوومەت شانشینی
سوڵتان
 - ١٢٩٩–١٣٢٦ سوڵتان عوسمانی یەکەم(دامەزرێنەر)
 - ١٩١٨–١٩٢٢ سوڵتان محەممەدی شەشەم (دوایین)
مێژوو
 - دامەزراندن ١٢٩٩
 - دامەزرانی کۆماری تورکیا ١٩٢٢
 - ڕووخانی خەلافەت ٢٩ی ئۆکتۆبەری ١٩٢٢
دراو قروش، لیرە

ئیمپراتۆریەتی عوسمانی یان دەوڵەتی عوسمانی (بە عوسمانی: دَوْلَتِ عَلِیّۀ عُثمَانِیّە؛ بە تورکیی نوێ: Yüce Osmanlı Devleti) ئیمپراتۆرییەکی ئیسلامی بوو کە لە ساڵی ١٢٩٩ەوە تا ساڵی ١٩٢٣، بۆ ماوەی نزیک بە ٦٢٤ ساڵ بەردەوام بوو و دەسەڵاتداریی ئەکرد. عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل دامەزرێنەری ئەو ئیمپراتۆرییە بوو. دەوڵەتی عوسمانی لە سەدەکانی شازدە و حەڤدەدا گەیشتە لووتکەی ھێز و توانای خۆی، زۆربەی خاکی ھەر سێ کیشوەرەکانی جیھانی کۆن، واتە ئەورووپا، ئاسیا و ئەفریقای ئەگرتەوە، کە ھەموو ئاسیای ناوەڕاست، بەشێکی زۆری باشووری ڕۆژھەڵاتی ئەورووپا، ڕۆژئاوای ئاسیا و باکووری ئەفریقای تێ ئەکەوت. ژمارەی ویلایەتەکانی دەوڵەتی عوسمانی دەگەیشتە ٢٩ ویلایەت. دەوڵەتێکی ئیسلامی بوو و پەیڕەویی شەریعەتی ئیسلامی ئەکرد. لەبەر ئەوە، سوڵتانەکانی نەوەی عوسمان نازناوی "پێشەوای باوەڕداران" و "خەلیفەی موسڵمانان"یان ھەڵگرت. لە سەردەمی سوڵتان سولەیمانی یەکەم، لە ڕووی ڕامیاری و لەشکرییەوە، دەوڵەتی عوسمانی گەورەترین ھێز بوو و قوستەنتینیەی پایتەختی ڕۆڵی ئامرازی پێکەوەبەستنی ئایینی ئەبینی لەنێوان جیھانی ئەورووپای کریستیان و ڕۆژھەڵاتی ئیسلامیدا. لە دوای سەردەمی سوڵتانی ناوبراو، کە بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، لاوازی و بێھێزی دوڵەتەکەی گرتەوە. وردە وردە، ھەرچەن چەند ماوەیەکی گەشەسەندن وچاکسازی تری بە خۆیەوە بینی، بەڵام، لە ئاستی ئەوەدا نەبوون بیگەڕێننەوە بۆ ئاستی پێشتری. لە ساڵی ١٩٢٣ دەوڵەتی عوسمانی کۆتاییی پێ ھات و کۆماری تورکیا دامەزرا کە لە ئێستادا بانگەشەی ئەوە دەکات کە میراتگری فەرمیی دەوڵەتی عوسمانییە.

مێژوو

نەژادی عوسمانییەکان

عوسمانییەکان ھۆزێکی تورک بوون، و تورکەکان سەرەتا لە ئاسیای ناوەڕاستدا نیشتەجێ بوون. کاتێک مەغۆلەکان بە سەرکردایەتیی ھۆلاکۆخان خۆراسانیان گرت، سولەیمان، باپیری عوسمان، ساڵی ١٢٢٠ کۆچی کرد بۆ وڵاتی ئەنادۆڵ و لە شاری ئەخلات نیشتەجێ بوون. لە دوای مردنی سولەیمان، ئۆرتغرۆلی کوڕی جێگەی گرتەوە و لەگەڵ ھۆزەکەیدا ڕۆیشت بۆ شاری ئەرزینجان کە مەیدانی شەڕی نێوان سەلجووقییەکان و خواڕەزمییەکان بوو. ئۆرتغرۆل لەپێناو بەرژەوەندی سوڵتان عەلائەددینی سەلجوقی، سوڵتانی قۆنیە کاری دەکرد و یارمەتیی سوڵتانی دەدا لە شەڕ دژی خواڕزمییەکاندا. لەبەر ئەوە، سوڵتان زەوییەکانی بۆ جیاکردنەوە لە سنوری خۆرئاوای ئەنادۆڵ و بەتەنیشتی ڕۆمەوە و ڕێگەی پێدان کە زەوییەکانیان فراوان بکەن لەسەر حسابی ڕۆم.

سوڵتان عوسمانی یەکەم، دامەزرێنەری دەوڵەتی عوسمانی

دامەزراندنی دەوڵەتی عوسمانی

عوسمانی یەکەم کوڕی ئۆرتغرۆل

لە دوای ئۆرتغرۆل، عوسمانی کوڕی سەرکردایەتیی ھۆزەکەی گرتە دەست.لە دایکبونی موعجیزە بوو چونکە لەو ساڵە لە دایکبوو کە خەلافەتی عەبباسی تیا ڕووخا ئەمەش قەدەری خوا بوو ئەو ساڵەی خەلافەتی ئیسلامی ڕووخا لە شوێنێکی تر ھیوایەک بۆ ئیسلام لە دایک بۆوە کە عوسمان بوو لە ساڵی ۱۲٥٨زاینی بەرامبەر ٦٥٦کۆچی لە دایکبووە واتە ئەو ساڵەی کە مەغۆل بەغدایان داگیر کرد و خەلافەتی عەبباسییەکانیان ڕوخاند و کارەساتێکی گەورەیان بەسەر ھێنان، لەدایک بوو. چالاکییە سەربازییەکانی عوسمان ڕوویان کردە خاکەکانی بیزەنتی بۆ تەواوکردنی پەیامی دەوڵەتی سەلجووقی بە فەتحکردنی ھەموو خاکی بیزەنتیەکان. ئەو لاوازییەی ئەو کاتە دەوڵەتی بیزەنتیی گرتبۆوە یارمەتیی عوسمانی دا کە بە ئاسانی بە ئاراستەی ڕۆژئاوای ئەنادۆڵەوە بڕوات و لە ڕووی بەڕێوەبردنەوە لێھاتووییی عوسمان لە دانانی سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتی بۆ میرنشینەکەی دەرکەوت. لەم سەردەمەدا عوسمانییەکان ھەنگاوێکی باشیان نا لە گۆڕان لە سیستەمی ھۆزەکییەوە بۆ سیستەمێکی بەڕێوەبەرایەتیی جێگیر. سوڵتان عەلائەددینی سەلجووقی پێزانینی خۆی بۆ ھەوڵەکانی عوسمان دەربڕی ونازناوی عوسمان پاشای لێنا.

دوای ئەوەی عوسمان پێی جێگیر کرد، لە میرنشینەکەی خۆیدا دەستی کرد بە فراوانکردنی وڵاتەکەی لەسەر حسابی بیزەنتیەکان. کاتێک مەغۆل دەستیان گرت بە سەر دەوڵەتی قۆنیەی سەلجووقییەوە، عوسمان خێرا سەربەخۆییی خۆی لە سەلجوقییەکان ڕاگەیاند، کە بەمەش بووە دامەززرێنەری ئەو دەوڵەتە تورکییە گەورەیە کە ھەر بە ناوی ئەوەوە ناونرا. عوسمان وەک سوڵتانێکی سەربەخۆ حوکمی دەوڵەتە نوێکەی ئەکرد. پاشان، لە ساڵی ١٣٢٦دا ئۆرخانی کوڕی شاری بۆرسەی فەتح کرد. ھەر لەو ساڵەدا، دوای ئەوەی کە بنەڕەتی دەوڵەتەکەی دانا و ڕێگەی گەشەسەندن و بەرەوپێشچوونی بۆ کردەوە، عوسمان لە تەمەنی ٧٠ ساڵیدا مرد.

عوسمان نازناوێکی تری ھەبوو کە «قەرە عوسمان» ە بە مانای عوسمانە ڕەش؛ بەڵام لە تورکیی عوسمانیدا بە مانای «ئازا»، «گەورە»، یان «مەزن» دێت.

ئۆرخانی کوڕی عوسمان

ئۆرخانی کوڕی عوسمان

ئۆرخان لەسەر ڕێڕەوی باوکی بەردەوام بوو لە فەتح و دەسەڵاتدا، وزۆر بە بەھێزی شانشینەکەی ڕێکخست، کردی بە چەند ولایەتێک و بۆرسەی کردە پایتەخت، سکەی پارەی لێدا، و سوپای ڕێکخست، لە لاوە مەسیحیە ڕۆمەکان سوپایەکی بەھێزیان دروست کرد بە سوپای ئینکیشاری ناسراوە، و ئۆرخان ڕاھێنانی بەو لاوانە کرد زۆر بە باشی وتایبەتمەندی گەورەی دا پێیان کە ئەمەش ھۆگر کردن بە بە کەسایەتی ئۆرخان و دڵسۆز بوون بۆی، ھەروەک ئۆرخان ئیشی کرد لەسەر فراوانکردنی دەوڵەتەکەی، لەبەر ئەوە ئاسایی بوو کە ناکۆکیەکی بەھێز دروستبوو لە نێوان عوسمانی و بیزەنتیەکان، لە ساڵی ١٣٣٧ز ھێرشی کردە سەر قوستەنتینیەی پایتەختی بیزەنتیەکان، بەڵام نەیتوانی بیگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم غەزوە ترسی خستە دڵی ئیمپراتۆری ڕۆمەوە وھەوڵی ڕێکەوتنی دا لەگەڵ ئۆرخان و کچەکەی خۆی کردە ھاوسەری ئۆرخان، بەڵام ئەمەش نەبووە ڕێگر لە وەستاندنی عوسمانیەکان لەبەرەو پێشچوون، وپێیان جێگیر کرد لە نیمچە دوورگەی گالیبۆلی لە ساڵی ١٣٥٧ز، بەمەش جارێکی تر مەترسی عوسمانی بۆ سەر قوستەنتینیە دووبارەکرایەوە، لە سەردەمی ئۆرخاندا عوسمانیەکان یەکەم جێگیر بوونیان لە ئەوروپادا بینی، دەوڵەتی عوسمانی لە دیوارەکانی ئەنقەرە لە ئاسیای بچوکەوە تا تراقیا لە بەلقان درێژ ئەبووبەوە، وبانگەوازکاران بانگی دانیشتوانیان ئەکرد بۆ ئیسلام، ئۆرخان لە ساڵی ١٣٦٠ز کۆچی دوایی کرد و لە دوای خۆی موردای یەکەم جێگەی گرتەوە.

مورادی یەکەم کوڕی ئۆرخان

شەری قوسوە، بە فڵچەی ئادەم ستیڤانۆڤیچ

دەستپێکی ئیشەکانی موڕادی یەکەم گرتنی شاری ئەنقەرە بوو، پیاوێکی ئازا وتێکۆشەر و بەڕێز و لەخوا ترس بوو، یاسای خۆشئەویست و پەیڕەوی ئەکرد، دادپەروەربوو، سەرگەرمی غەزو ودروستکردنی مزگەوت وفێرگا وخوێندنگاکان بوو، بەرەو پێش چوو لە ئاسیای بچوک و ئەروپا لە ھەمان کاتدا، و ڕێکەوت لەگەڵ زۆر لە میرەکانی ئەنادۆڵ لە بەرژەوەندی عوسمانیەکان و ھەندێکیانی ناچار کرد واز لە دەستکەوتەکانیان بھێنن بەمەش زۆر لە دەستکەوتە تورکمانیەکانی خستە سەر دەوڵەتی عوسمانی، لە ئەورووپا ھێرشیان کردە سەر دەستکەوتەکانی بیزەنیەکان و شاری ئەدەرنەیان فەتح کرد لە ساڵی ١٣٦٢زدا، وموراد پایتەختی گواستەوە بۆ ئەدەرنە تا ببیتە خاڵی جوڵان و جیھاد لە ئەوروپادا، دواتر چەند شارێکی تریان فەتح کرد وەک سۆفیا و سالۆنیک، بەم شێوەیە قوستەنتینیە دەورەدرابوو بە عوسمانیەکان لە ھەموو لایەکەوە، لە ساڵی ١٣٨٥ز، ھێزە عوسمانیەکان لەگەڵ ھێزە سربیەکان بە یەکیاندا لە ناوچەی قوسوە کە ئێستا بە (کۆسۆڤۆ) ناسراوە، داستانێکی گەورە لە نیوانیان ڕوویدا کە بە سەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، بەڵام سوڵتان موراد لە کۆتاییدا کوژرا لە سەر دەستی یەکیک لە سەربازە بریندارە سربیەکان.

بایەزیدی یەکەم کوڕی موڕادی یەکەم

سولتان بایەزیدی یەکەم، دیلە لای تەیمورلەنگ بە فڵچەی ستانیسلۆ چلبۆسکی

لە دوای شەھیدبوونی موڕادی یەکەم، بایەزیدی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، کە ئازا وبەڕێز وتێکۆشەر بوو لە پێناوی خوادا، گرنگیەکی زۆری دا بە کاروباری سەربازی وھەوڵیدا بۆ گرتنی میرنشینە مەسیحیەکانی ئەنادۆل ولە ماوەی یەک ساڵدا دەستی بەسەردا گرتن، بایەزید وەک بروسکە لە نێوان بەلقان و ئەنادۆڵ دا ئەجوڵا بۆیە ناونرا بە (ھەورە بروسکە)، شاری ئەشھەری لە دەستی بیزەنتیەکان سەند کە دواین موڵکیان بوو لە ئاسیای بچوکدا، بە تەواوی بولگاری گرت، سیگسمۆندی پاشای مەجەر ترسا لە فروانبوونی عوسمانی، ھانای برد بۆ ئەورەپای ڕۆژاوا وداوای لە پاپا (بۆنیفاسی نۆیەم) کرد کە ھێرشێکی خاچپەرستی نوێ بکەنە سەر عوسمانیەکان بۆ ڕێگرتن لەبەر پێشچوونیان بۆ ناوجەرگەی ئەورووپا، پاپای ناوبراو بەدەم داواکەوە چوو، لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرمانڕەواکانی فەڕەنسا وپاڤاریا ونەمسا وڕۆدس و کۆماری بوندقیە، وئینگلتەرا یارمەتی سەربازی پێشکەشکردن، ھەردوو سوپای عوسمانی و ئەوروپی ڕووبەڕووبونەوە لە ساڵی ١٣٩٦ز، وداستانێکی گەورە لە نێوانیان ڕوویدا وئەوروپیەکان تێک شکان وگەڕانەوە، بایەزید دووجار قوستەنتینیەی گەمارۆدا، بەڵام قەڵاکانی ڕێگر بوون لەبەردەم ھێرشە بەھێزەکانیدا، وبایەزید کاتێک گورزە نوێکانی وەشاندە ڕۆژاوا، ئاگاداری ئەوەبوو کە مەغۆل ئامادەکاری ئەکەن بۆ ئەوەی ھێرشی بکەنە سەر لە ڕۆژھەڵاتەوە، بەتایبەت دوای ئەوەی پیاوێکی سەربازی بەھێزیان تیا دەرکەوت کە تەیمورلەنگ بوو لە نەوەی جەنگیزخانەوە ھاتبوو، بایەزیدی ناوەندەکەی لە ئاسیای بچوک بەھێزکرد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی تەیمورلەنگ، بەم شێوەیە فشاری عوسمانیەکان لەسەر بیزەنتیەکان کەم بوویەوە و ڕووخانی قوستەنتینیە لەسەردەستی عوسمانیەکان ٥٠ ساڵ دواکەوت، ولە ساڵی ١٤٠٢ز سوپای تەیمورلەنگ و بایەزید بەیەک گەیشتن لە (جوبق ئاباد) وداستانی تاحینە لە نێوانیان ڕوویدا کە عوسمانیەکان شکان وبایەزید بە دیل گیرا و مەغۆلەکان بردیان بۆ سەمەرقەندی پایتەختی دەوڵەتی تەیموری، دواین ڕۆژەکانی ژیانی لەوێ مایەوە ولە ساڵی ١٤٠٣ز کۆچی دوایی کرد.

محەمەدی یەکەم کوڕی بایەزیدی یەکەم

ئەم وتارە بەشێکە لە زنجیرەی

خەلافەت


خەلافەتی ڕاشدین

ئەبوبەکر · عومەر کوڕی خەتتاب
عوسمان کوڕی عەفان · عەلی کوڕی ئەبووتالیب

<دەوڵەتی ئەمەوی

موعاویە کوڕی ئەبووسوفیان · یەزید کوڕی معاویە ··· موعاویە کوڕی یەزید ··· مەروان کوڕی حەکەم

دەوڵەتی عەبباسی

ئەلسەفاح · ھارون ڕەشید ··· موستەعسیم بیللا

دەوڵەتی عوسمانی
دەوڵەتی فاتیمی
بابەتە پەیوەندیدارەکان

خەلافەتی ئەمەوی لە ئەندەلوس · خەلافەتی عەبباسی لە قاھیرە.

پایتەختی خەلافەتەکان

مەدینە · کووفە
دیمەشق ·بەغدا
قاھیرە . قوڕتوبە
ئەستەمبوڵ

ناودارەکانی خەلافەت

معاویە کوڕی ئەبووسوفیان · عومەری کوڕی عەبدول عەزیز
ئەبوجەعفەری مەنسور · ھارون ڕەشید
سوڵتان عوسمانی یەکەم . سوڵتان محەمەد فاتیح
سەلیمی یەکەم . سوڵتان سولەیمان قانونی
عەبدول حەمیدی دووەم

لە دوای مردنی سوڵتان بایەزید، دەوڵەتی عوسمانی بووە چەند میرنشبنێکی بچوک وەک ئەوەی دوای ڕوخانی سەلجووقیەکان ڕوویدا، زۆر لە ناوچەکان سەربەخۆیی خۆیان جیاکردەوە لە عوسمانیەکان، و ژمارەیەکی کەم وڵات مانەوە لە ژێر ئاڵای دەوڵەتی عوسمانیدا، و ئەوەی زیاتر مەترسی دروست کرد کوڕەکانی بایەزید ڕێ نەئەکەوتن لەسەر جێگرتنەوەی یەکێکیان، و شەڕێکی زۆر لە نێوانیان ڕوویدا و دوایین سەرکەوتن نەسیبی محەمەدی کوڕی بایەزید بوو، کە ناسراوە بە محەمەدی یەکەم یان محەممەد چەلەبی، پیاوێکی دانا ووریا بوو وزۆر زانست وزانایانی خۆشئەویست وتوانی ھەندێک لە ناوچەکانی ئەنادۆڵ بگەڕێنێتەوە بۆ دەوڵەتەکە کە لە دەستی دابوون. لە ساڵی ١٤٢١ز کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٤٣ ساڵیدا.

موڕادی دووەم کوڕی محەمەدی یەکەم

موڕادی دووەم لە دوای مردنی محەممەد چەلەبی باوکی دەسەڵاتی گرتە دەست لە تەمەنی ١٨ ساڵیدا کە زۆر تێکۆشانی لە ڕێگەی خوادا خۆشئەویست، و ناسرابوو بە خواپەرستی ودادپەروەری، توانی دەستبگرێت بەسەر ئەو کێشە ناوخۆییانەدا کە دوژمنەکانی عوسمانیەکان ئەیانویست ھەڵی بگیرسێنن، بەردەوام بوو لە گەڕانەوەی ئەو دەوڵەت و میرنشینانەی کە جیابووبونەوە لە دەوڵەتی عوسمانی، وگەمارۆی قوستەنتینەی دا بەڵام نەیتوانی بیگرێت، دواتر بەلقانی گەڕاندەوە بۆ دەسەڵاتی، زۆر شار و قەڵای گرت و ھەوڵی گرتنی بەلەگرادی دا، کە ئەم ھێرشە ئاگاداریەکی تازە بوو بۆ ئەورووپا لە مەترسی عوسمانی، ھێزە مەجەڕیەکان لە ھێزە عوسمانیەکانیاندا و تێکیانشکاندن ودەرئەنجام ڕۆحی خاچپەرستی زیندووبوویەوە لە ئەورووپا وجەنگی ئاینییان لە دژی عوسمانیەکان ڕاگەیاند.

سوڵتان محەممەد فاتیح

سولتان محەممەد فاتیح، کاتێک ئەچێتە قوستەنتینیە، بە فڵچەی فوستۆ زۆنارۆ

لە دوای مردنی موڕادی دووەم، محەمەدی کوڕی جێگەی گرتەوە، کە ناسراوە بە فاتیح و باوکی چاکەکان، بەھێزی ودادپەروەری بەیەکەوە کەسایەتی محەممەد فاتیحیان پێک ئەھێنا، لە تەسکترین خاڵ لە گەرووی بۆسفۆر قەڵایەکی بنیاتنا بەڕامبەر ئەو قەڵایەی بایەزیدی یەکەم لەسەر کەناری ئاسیا بنیاتی نابوو، لەم کاتانەدا ئیمپراتۆری قوستەنتینیە ھانای بردە بۆ وڵاتەکانی ئەورووپا کەس وەڵامی نەدایەوە تەنھا چەند شارێکی ئیتاڵیا نەبێت، وپاپا پشتگیری خۆی دەربڕی بە مەرجێک ھەردوو کەنیسەی ڕۆژھەڵات وڕۆئاوای ببنە یەک، قوستەنتین، ڕازی بوو، بەڵام خەڵک توڕە بوون لێی.

سوڵتان محەممەد بۆ ڕووبەڕووبونەوەی بیزەنتیەکان سوپایەکی گەورەی کۆکۆدەوە لە گەشتیگەلی گەورە وتۆپخانە، بەم شێوەیە لە وشکانی ودەریاییەوە گەمارۆی دان، ٥٣ ڕۆژ دوای گەمارۆ عوسمانیەکان چوونە شارەکەوە دوای ئەوەی بەشێکی زۆری دیوارەکانی دەوریان ڕووخاند، لەگەڵ بیزەنتیەکان بەیەکیاندا وکوشتارێکی توند ڕوویدا لە نێوانیان، کە ئیمپراتۆری بیزەنتی وزۆر لە سەربازەکانی تیاچوون، کاتێک فاتیح چووە شارەکەوە داوای لە سەربازەکانی کرد شەڕ ڕابگرن، دوای ئەوەی کە دەستی گرت بەسەر بەرگری بیزەنتیەکاندا و ئاڵای ئاشتی بەرز کردەوە، سوڵتان محەممەد ناونرا بە فاتیح و موسڵمانان زۆر دڵخۆش بوون پێی لەبەرئەوەی ئەمە ھاتنەدی فەرموودەیکی پێغەمبەری ئیسلام بوو کە فەرموویەتی (فەتحی قوستەنتینیە ئەکرێت، باشترین ئەمیر ئەو ئەمیرەیە و باشترین سوپا ئەو سوپایەن)، سوڵتان محەممەد پایتەختی گواستەوە لە ئەدرنەوە بۆ قوستەنتینیە و ناوەکەی گۆڕی بۆ (ئیسلامبۆل) واتە شاری ئیسلام یان تەختی ئیسلام، سەربەستی ئاینی وئاسایشی بەخشی بە مەسیحیەکان، وئەوانەی کە لە ترسا ڕۆیشتبوون داوای گەڕاندنەوەی لێکردن بۆ ماڵ وحاڵی خۆیان، ئیمپراتۆری بیزەنتی ڕوخا لەگەڵ فەتح کردنی شارەکەدا دوای ئەوەی یانزە سەدە بەردەوام بوو، وسوڵتان محەممەد بەردەوام بوو لە فەتحکردنی ئەورووپا، وڵاتی سربی گرت وفەتحی وڵاتی مورەی کرد لە باشوری یۆنان ھەروەک ھەرێمی ئەفلاق و وڵاتی بەشناق وئەلبانیای گرت وبوندقیەی مل کەچکرد و ئەنادۆڵی یەکخست لەڕێگەی دەستگرتن بەسەر ئیمپراتۆری تەڕابزۆنی ڕۆمی ومیرنشینی قەرمان، ھەروەھا سوڵتان محەممەد ھەوڵی فەتحی ئیتاڵیای دا، بەڵام مردن مەودای نەدا لە ساڵی ١٤٨١ز، عوسمانیەکان ئەو لایەیان بە جێ ھێشت.

سەردەمی بەھێزی وفراوانبون

بایەزیدی دووەم کوڕی محەممەد فاتیح

لە دوای مردنی سوڵتان محەممەد فاتیح، جەم و بایەزیدی کوڕی بووە ناکۆکیان لەسەر تەختی دەسەڵات، بەڵام لە ئەنجامدا بایەزید سەرکەوت، سوڵتان بایەزید بە سوڵتانێکی میانڕەو ناسراوە ونەچۆتە شەڕەوە وەک بەرگریکار نەبێت، لەگەڵ کۆماری بوندقیە جەنگا لەبەر ئەو ھێرشانەی ئەیانکردە سەر گەشتیگەلەکانی لە وڵاتی مۆرە، وجەنگا لەگەڵ مەمالیکەکان کاتێک ویستیان کۆنترۆڵی ھەندێک لە ناوچەکانی دەوڵەتی عوسمانی بکەن، زۆر حەزی لە کۆڕی زانا وئەدیبەکان ئەکرد، و لە سەردەمەکەیدا غەرناتە دوایین قەڵای موسڵمانان لە ئەندەلوس ڕوخا، چەند کەشتیەکی نارد بۆ گواستنەوەی ئەندەلوسییە موسڵمانەکان بۆ قوستەنتینیە وشارەکانی تر، ھەر لەم سەردەمەدا شیعەکان لە وڵاتی فارس دەرکەوتن کە سەفەوییەکان بوون، وتوانیان بە سەرکردایەتی شا ئیسماعیل مەترس بۆ عوسمانیەکان دروست بکەن لە ڕۆژھەڵاتدا،

سەلیمی یەکەم کوڕی بایەزیدی دووەم

شەری چاڵدێران، لە، یوان عوسمانیەکان وسەفەوییەکان.

لە کۆتایی سەردەمی سوڵتان بایەزیددا ناکۆکی لە نێوان کوڕەکانیدا دروست بوو لەسەر دەسەڵات گرتنە دەست، بایەزید خەلافەتی دا بە ئەحمەدی کوڕی، بەمەش کوڕەکەی تری (سەلیم) توڕەبوو، وشۆڕشی ڕاگەیاند بەسەر باوکیدا کە ئەم شۆڕشەش ھۆکاری سیاسی ومەزھەبی وبازرگانی ھەبوو، کاتێک سەفەوییەکان دەستیان کردبووە بڵاوکردنەوەی مەزھەبی شیعە لەسەر حسابی مەزھەبی سونە لە ئەنادۆڵدا، وڕێگەی بازرگانیان داخست لەگەڵ ھیند و ڕۆژھەڵاتی ئەقسا، وڕێگەیان لە ڕۆیشتنی ھۆزە تورکمانەکان و ھۆزە موسوڵمانەکانی تر گرت لە ئاسیای ناوەڕاستەوە بۆ حەج و ئەنادۆڵ و ئەوروپای ڕۆژھەڵات، و شا ئیسماعیل پشتگیری لە ئەحمەد ئەکرد بۆ حوکم گرتنە دەست، لەبەر ئەوە شازادە سەلیم بێدەنگ نەبوو لەم دەست تێوەردانەی سەفەوییەکان لە کاروباری عوسمانیەکان، وئینکیشاریەکانی سوپا فشاریان کردە سەر سوڵتان بایەزید تا لە دەسەڵات دابەزێت بۆ سەلیمی کوڕی، بایەزید کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٥١٢ز، سەلیم دوای ئەوەی تەختی دەسەڵاتی گرتە دەست، پێی خۆی جێگیر کردو لەگەڵ وڵاتەکانی ئەورووپا ڕێکەوت تا یەکلایی بێتەوە بۆ کێشەی سەفەوییەکان، کە مەترسیدارترین ئەزمە بوو ڕووبەڕووی عوسمانیەکان بێتەوە دوای داستانی ئەنقەرە، سەلیم براکانی ومناڵەکانی کوشتن تا ڕکەبەری نەبێت لە دەسەڵاتدا، ئاگربەستێکی دوور ودرێژی بەست لەگەڵ وڵاتەکانی ئەوروپای دەوروپشتیا، پاشان ڕوویکردە ڕۆژھەڵات بۆ ڕووبەڕونەوەی سەفەوی ومەمالیکەکان، شیعەکانی ئاسیای بچوک بە پاڵپشتی سەفەویەکان وەستان لە دژی دەوڵەتی عوسمانی، سەلیم دەستی بەسەر ئەم شۆڕشەدا کرد و شیعەکانی گرت وچل ھەزاری لێ لەناوبردن، پاشان ڕۆیشت بۆ ڕووبەڕوونەوەی شا، ھەردولا بەیەک گەیشتن لە شەڕی چاڵدێراندا، وسوڵتان سەلیم سەرکەوت لەم جەنگە گەورەیەدا وسەلیم ڕۆیشتە پێشەوە بەرەوە تەبرێزی پایتەختی سەفەوی ودەستی بەسەراگرت.

دوای سەرکەوتنیان بەسەر سەفەویەکاندا عوسمانیەکان ملیان بە مەمالیکەکان کەچکرد، دوای ئەوە کە داستانی مەرج دابق ڕوویدا لە نێوانیان، وبە سەرکەوتنی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، پاشان ڕۆیشتن بەرەو میسر وجارێکی تر ڕووبەڕوەی مەمالیکەکان بوونەوە ولە داستانی ڕیدانیە سەرکەوتن بەسەریاندا وچوونە میسرەوە بەسەربەرزی، لەو کاتانەدا ناوچەی حیجاز ملکەچیان بۆ دەربڕی و لە ھەمان کاتدا دوایین خەلیفەی عەباسیەکان لە میسر دابەزی لە دەسەڵات بۆ سوڵتانە عوسمانیەکان، بەم شێوەیە سوڵتانە عوسمانیەکان بوونە خەلیفەی موسڵمانان وپێشەوای باوەڕداران، سوڵتان سەلیم کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٥٢٠ز.

سوڵتان سولەیمان قانونی

خیرەدین بەڕبەڕوس، کەشتیگەلی ھاوپەیمانان تێک ئەشکێنێت، لە ساڵی ١٥٣٨ز.

لە دوای سوڵتان سەلیم، سولەیمانی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست لە تەمەنی ٢٦ ساڵیدا، کە لە ڕۆژھەڵات بە (قانونی) ولەڕۆژئاوا بە (مەزن) ناسراوە وسەردەمەکی بە سەردەمی زێڕینی دەوڵەتی عوسمانی ناسراوە، سوڵتان سەلیم سەرگەرمی فەتحی ڕۆژھەڵات بوو لە ھەموو ژیانیدا، لەبەرئەوە ئاسایی بوو کە سوڵتان سولەیمانی کوڕی ڕووبکاتە ڕۆژئاوە بۆ تەواوکردنی ئەو فەتحانەی کە پێشینەکانی دەستیان پێ کردبوو، سولەیمان شاری بەلگرادی گرت لە ساڵی ١٥٢١ز، پاشان دەستی گرت بەسەر دوورگەی ڕۆدس لە ساڵی ١٥٢٣ز، ھەروەک بەشی باشور وناوەڕاستی مەجەڕی خستە سەر دەسکەوتەکانی عوسمانیەکان بۆ ئەمەش سودی لە بارودۆخی ئاڵۆزی ناوخۆی مەجارستان وەرگرت وھەروەک بارودۆخی دەرەوەش گونجاو بوو.

لەشکری عوسمانی ومەجەڕ بەیەکیاندا لە دۆڵی موھاج لە مەجەڕ سالی ١٥٢٦ز، لە داستانێکدا کە ماوەی دوو سەعاتی خایاند، عوسمانیەکان سەرکەوتنێکی گەورەیان تیا بە دەست ھێنا وپێیان جێگیر کرد لە وڵاتەکە بۆ ماوەیەکی زۆر، جان زابۆلیای پاشای ترانسلڤیای کردە فەرمانڕەوای، ھەر لەو کاتانە فەردینادی پاشای نەمسا وەفدێکی نارد بۆ لای سوڵتان تا دان بنێت بە موڵکی نەمسا لە مەجەر، سوڵتان گاڵتەی پێکردن و نوێنەرەکانی بەند کرد، دوای ماوەیەک کە ئازادی کردن نامەیەکی لەگەڵا ناردن بۆ پاشای نەمسا تا خۆی ئامادەکات بۆ ڕووبەڕونەوەی، سولەیمان لەگەڵ فەردیناد جەنگا بە سوپایەکی بەھێزەوە، سولەیمان رۆیشت بەرەو ڤێیەنا وگەمارۆی ئەم شارەی دا لە ناو جەرگەی ئەورووپا، کە ئازوقە بڕا لە سەربازە عوسمانیەکان وزستان ھات بەسەریاندا، لەبەرئەوە سوڵتان گەڕایەوە وڵاتەکەی خۆی، ولەساڵی ١٥٣٢ز جارێکی تر گەمارۆی ڤێیەنای دا، وئەمجارە ڕێکەوت لەگەڵ فەردیناند کە سوڵتان دان بنێت بە موڵکی نەمسا لە مەجەڕ لەبەرامبەر سەرانەیەکدا نەمسا بیدات بە دەوڵەتی عوسمانی، ئەم ڕێکەوتنەی لەبەر ئەوەکرد ئاڵۆزی کەوتە پەیوەندیەکانی لەگەڵ تەماسبی کوڕی شا ئیسماعیل سەفەوی شای فارس، سوڵتان دەستی کرد بە ڕووبەڕوو بوونەوەی فارس وتەبرێزی پایتەختی فارسی گرت وپاشان بەغدای گرت وچووە ناویەوە زۆر بە شکۆ وسەربەرزیەوە. عوسمانیەکان لە ڕۆژانی سوڵتان سولەیمان چەند فەتحێکی دەریایی گەورەیان ئەنجام دا، بە چاکەی دەریاوان (خەیرەدین بەڕبەڕوس)، کە لەڕۆژانی سوڵتان سەلیمدا جەزائیری خستە سەر دەوڵەتی عوسمانی، سوڵتان سولەیمان خیرەدینی کردە ئەمیری دەریایی لە ساڵی ١٥٣٣ز، جارێکی تر گەشتیگەلی عوسمانی زۆر ئازایانە ڕاپەڕاندەوە، توانی تونس لە ژێر دەستی ئیسپانیا دەر بھێنێت ومل کەچی کات بۆ دەوڵەتی عوسمانی ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت، لە فەتحە دەریاییە گرنگەکانی سەردەمی سوڵتان سولەیمان، فەتحی تەڕابولسی ڕۆژاوا بوو، سوڵتان سولەیمان کۆچی دوایی کرد ساڵی ١٥٦٦ز، ودەوڵەتی عوسمانی ئەو کاتە لە بەرزترین ئاستی تەواویدا بوو وبوونی پێویست بوو بۆ ھاوسەنگی سیاسی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست وئەوروپادا.

سەرەتای ھەڵوەشانی دەوڵەتی عوسمانی

سەلیمی دووەم کوڕی سولەیمان قانونی

داستانی لیبانتۆ لە نێوان کەشتیگەلی عوسمانی وئەوروپی.

لاوازی دەوڵەتی عوسمانی گرتەوە و سەلیمی دووەم کە لە جێگەی سوڵتان سولەیمان قانونی باوکی ھاتە سەر حوکم، لاواز بووە، کە زیرەکی سەدری ئەعزەمی ئەو کاتە (محمد سەقلی) و گەورەیی وشان وشکۆی دەوڵەتەکە بوو پاراستیان لەوەی یەک جار بکەێت، لە ئیشەکانی محەممەد سەقلی سوپایەکی گەورەی نارد بۆ یەمەن ساڵی ١٥٦٩ز، وبۆ میسر بۆ کپکردنەوەی شۆڕشە ناوخۆییەکان وچوونە شاری سەنعاء دوای ئەوەی قەڵاکانی فەتح کران، ھەر لە ئیشەکانی فەتحی قوبرسیان کرد لە دەستی بوندقیەکانی سەند، وھەر لە سەردەمی سوڵتان سەلیمی دووەمدا ڕووداوی لیبانتۆی دەریایی ڕوویدا، کە کاریگەریەکی خراپی ھەبوو بۆ وێنەی ھێزی دەریایی و سوپای عوسمانی کە زۆربەی لەو باوەڕەدا بوون ھەرگیز تێک ناشکێن، کورتەی ئەو ڕووداوەش ئەمە بوو، دوای زیادبوونی مەترسی عوسمانی بوو لە دەریای ناوەڕاستدا بۆ ئەورووپا دوای ئەوەی فەتحی قوبرس و ھەندیک ناووچەی دەریای ئەدریاتیکی کران، پاشای ئیسپانیا ڕێکەوت لەگەل ھەریەک لە پاپا بیۆسی پێنجەم وگۆماری بوندقیە بۆ ڕێگرتن لەبەرەو پێچوونی عوسمانیەکان، ٢٣٠ کەشتی و٣٠ ھەزار سەربازیان کۆکردەوە و لەگەڵ عوسمانیەکان بەیەکیاندا لە یەکێک لەو داستانە گەورانەی کە لە مێژووی نوێدا ڕوویاندا و بە تێکشکانی عوسمانیەکان کۆتایی ھات، بەڵام ئەمە ورەی محەممەد پاشا سەقلی نەڕوخاند و خۆی ئامادەکرد بۆ ڕووبەڕونەوەیەکی نوێ لەگەڵیان، لەبەرئەوە بوندقیە بەباشی زانی ڕێکەوتنی ئاشتی بکات لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی لە ساڵی ١٥٧٣ز، بەم شێوەیە عوسمانیەکان یەکلایی بوونەوە بۆ شەڕی ئیسپانیا کە ھاتبووەوە بۆ داگیرکردنی تونس.

سەدری ئەعزەم (محەممەد پاشا سەقڵی)

موڕادی سێیەم کوڕی سەلیمی دووەم

سوڵتان سەلیمی دووەم کۆچی دوایی کرد لە ساڵی ١٥٧٤ز، موڕادی کوڕی جێگەی گرتەوە، لە سەردەمی ئەم سوڵتانەدا عوسمانیەکان دەستیان گرت بەسەر پۆڵەندا، وعوسمانیەکان یارمەتی سوڵتانی مەڕاکیشیاندا بۆ سەرکوتکردنی ئەوشۆڕشەی کە پەنایان بۆ پورتگالیەکان بردبوو، عوسمانیەکان سەرکەوتن بە سەریاندا و سوڵتانیان گەڕاندەوە بۆ حوکمی مەڕاکیش، گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی موڕادی سێیەم بەرەوپێشچونیان بوو لە ڕۆژھەڵاتدا، لەسەر حسابی دەولەتی سەفەوی، شا تەماسبی یەکەم مرد بێ ئەوەی کەس لە جێگەی خۆی دابنێت، کوڕەکانی بووە ناکۆکیان لەسەر دەسەڵات، سەدری ئەعزەم (محەممەد پاشا سەقڵی) ھێرشێکی سەربازی نارد بۆ وڵاتی فارس بۆ فەتحکردنی شارەکانی، دەستیان گرت بەسەر کەرەج وئازربایجانی باکور و پاشان وڵاتی داغستان. دوای ئەم غەزوانە دەوڵەتی عوسمانی توشی شۆکێکی سیاسی بەھێز بوو، دوای ئەوەی سەدری ئەعزەم محەمدپاشا سەقڵی کوژرا ساڵی ١٥٧٩ز، ئاژاوە وڵاتەکەی گرتەوە وئینکیشاریەکان یاخی بوون، والیەکان کەوتنە ڕکابەری لەسەر جێگەی سەدری ئەعزەم، ولە ساڵی ١٥٩٠ز عوسمانیەکان ڕێکەوتنیان کرد لەگەڵ سەفەوییەکان، لەدوای ئەوە ئاسایش جێگیر بوو لە سنوری وڵاتەکە لای ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاواوە، ئینکیشاریەکان لە قوستەنتینیە و ولایەتەکان شۆڕشیان ھەڵگیرساند لەبەر نزمبوونەوەی موچەکانیان، کە ئەمەش وای لە سەدڕی ئەعزەمە تازەکە (سینان پاشا) کرد سەرگەرمیان کات بە شەڕ لەگەڵ نەمسا ومەجەڕ، بەھۆی ئاژاوەی ناو ئینکیشاریەکانەوە، شکستیان خوارد، ھەندێک قەڵایان لەدەستدا، ھەرچەن دواتر سینان پاشا توانی یانگێڕێتەوە، بەڵام بەرپرسەکانی ئەفلاق وبەگدان وترانسلڤانیا ھەلەکەیان قۆستەوە وسەرکەوتن بەسەر سوپای عوسمانیدا وھەندیک شاریان لێ سەندن، مورادی سێیەم ساڵی ١٥٩٥ کۆچی دوایی کرد.

موحەمەدی سێیەم کوڕی موڕادی سێەم

ڕووداوی کرزت لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی وھاوپەیمانی نەمساوی ومەجەڕی.

لە دوای موڕادی سێیەم موحەمەدی کوڕی دەسەڵاتی گرتە دەست، دەرچوو لەو ڕێڕەوەی کە لە سەردەمی باپیرەی سەلیمی دووەمەوە پەیڕەو دەکرا، کە سەدری ئەعزەم سەرکردایەتی سوپای ئەکرد، محەمەدی سێیەم خۆی سەرکردایەتی سوپای کرد ودەرچوو بۆ شەری مەجەڕ و نەمسا، و سەرکەوت بە سەریاندا لە ڕووداوی کەرزت ساڵی ١٥٩٦ز، دواتر لە سەرەتای سەدەی خەڤدەدا چەند شۆڕشێک لە ئەنادۆڵ دەرکەوتن، یەکێک لە سەرۆک تیپەکانی سوپای ئینکیشاری کە نەفی کرا بۆ ئەنادۆڵ لەبەر جێگیر نەبوونی لە ڕووداوی کەرزتدا، بانگەشەی ئەوەی ئەکرد کە خەوی بە پێغەمبەر محەممەد بینیوە ومژدەی سەرکەوتنی بەسەر عوسمانیەکان پێداوە، یاخی بوو وشۆڕشی ڕاگەیاند لە دەوڵەت وچەند ئاژاوەیەکی نایەوە لەگەڵ براکەیدا، پاشان مرد دوای ئەوەی بریندار بوو لە یەکێک لە شەرەکاندا، بەڵام براکەی بەردەوام بوو تاکو دەوڵەت ولایەتی بۆسنەیان پێ بەخشی بۆ ئەوەی لەگەڵ ئەوروپیەکان بجەنگێت، ھەتا ھەموو سوپاکەی تیاچوون لەو پێک ھەڵپژانە بەردەوامانەی لەگەڵ نەمسا ومەجەڕدا ڕوویاندا، بەدوای ئەوەدا شۆڕشێکی خەیاڵی تر لە قوستەنتینیە ھەڵگیرسا کە داوای قەرەبووکردنەوەیان ئەکردەوە لەو زیانانەی لە کە لە ئەنجامی شۆڕشی پێشتردا لێیان کەوت، دەولەت بە یارمەتی سەرابازە ئینکیشاریەکان توانی بیانگێڕێتەوە بۆ گوێڕایەڵ بوونی جارێکی تر.

ھەندێک لە سوڵتانەکانی تر

دوای مردنی محەمەدی سێیەم چەند سوڵتانێکی تر دەرکەوتن، ھەرچەند چەند کەسایەتیەکی بەھێزی وەک عوسمانی دووەم و مورادی چوارەمیان تیادا بوو.

  • سولتان ئەحمەدی یەکەم، دەسەلاتی گرتە دەست لە تەمەنی ١٤ ساڵیدا، لەم ماوەیەدا عوسمانیەکان کشانەوە لە عێراقی عەجەم بۆ دەوڵەتی سەفەوی، کە ئەمەش یەکەم ڕێکەوتن بوو دەوڵەت واز لە فتوحات بھێنێت تێیدا.سوڵتان ئەحمەد مرۆڤێکی جوامێر بوو ڕەتیکردەوە براکانی بکوژێ لەسەر دەسەڵات ئەو یاسایەی هەڵوەشاندەوە کە دەیگوت لە پێناو نەکوشتنی خەڵکێکی زۆر ئەگەر سوڵتانی نوێ هاتە سەرتەخت دەتوانێ ئەمیرە براکانی بکوژێ هەتا شۆڕش نەکەن و خەڵکێکی زۆر بەهۆی تەماحی ئەمیرەکانی برای سوڵتان نەمرن دەوڵەت پارچە پارچە بکەن چونکە مردنی کەسێک بە تەنها باشترە لە بە کوشتچونی هەزارەها خەڵک لە پێناو تەماحی دەسەڵات

ساڵی 1617 سوڵتان خەلیفە ئەحمەد بە نەخۆشی گرانەتا مرد.

  • لە دوای خەلیفە ئەحمەدی یەکەم، مستەفای برای عەرشی گرتە دەست تەنھا بۆ ماوەی ٣ مانگ، پێش ئەوەی کە عوسمانی دووەم دەستنیشان بکرێت بۆ جێگری.
گەمارۆی ڤێیەنا لە لایەن سوپای عوسمانیەوە بۆ دوایین جار، ساڵی ١٦٨٣.
  • عوسمانی دووەم حوکمی گرتە دەست، کەسێکی بەهێز بوو لەسەردەمی ئەو هێرشی کردە سەر ئیمپڕاتۆریەتی پۆڵەندای لیتوانی توانی بیانشکێنێ توشی شکستێکی قورسیان بکات لەساڵی 1620 کە بۆ یەکەم جار لەم سەردەمەدا خیانەتی ئاشکرای سوپا ڕوویدا دژی خەلیف لەشەڕدا ڕوویدا کە ئاماژەبوو بۆ ئاستی دابەزینی دەوڵەت لەو کاتانەدا، ئینکیشاریەکان خائین بوون لە شەڕدا، عوسمان ویستی دەرسیان بدات وبە سەربازی نوێی ڕاھێنراو جیگەیان بگرێتەوە، لەبەر ئەوە ئینکیشاریەکان شۆڕشیان لێکرد وکوشتیان ومستەفای مامیان گێڕایەوە بۆ دەسەڵات.
  • ھەواڵی کوشتنی خەلیفە بڵاوبوویەوە و ئاژاوە ھەموو وڵاتی گرتەوە وشۆڕش ھەڵگیرسا لە ھەموو لایەکەوە، والیەکان دەستیان کرد بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆییان لە دەوڵەت، ئەو سەدری ئەعزەمەی ئینکیشاریەکان دایانابوو مستەفای لابرد وموڕادی چوارەمی لە جیگەی دانا.
  • موڕادی چوارەم توانی دەوڵەت پاک بکاتەوە لە ھەندێک لە شۆڕشەکان، وەک، شۆڕشی ئەبازە پاشی والی ئەرزەڕۆم، وشۆڕشی ئینکیشاریەکان وبزوتنەوەی ئەمیری لوبنان، ھەروەک بەغدا و ھەمەدان تەبرێز و یەریڤان و ھەموو ئازربایجانی سەندەوە لە سەفەوییەکان.
  • لە دوای موڕادی چوارەم ئیبراھیمی برای دەسەڵاتی گرتە دەست، لەم سەردەمەدا دەوڵەت بوژایەوە وکەشتیگەلی عوسمانی چوونە دوورگەی کریتەوە بێ ئەوەی بەرگریەکی ئەوتۆ بکرێن. دواتر چەند سەردەمێکی لاوازی عوسمانیەکانی گرتەوە ھەتا چاکسازی گەورە (محەممەد کۆبرۆلی) کە بووە سەدری ئەعزەم لە ساڵی ١٦٥٦زدا لە سەردەمی سوڵتان محەمەدی چوارەمدا توانی ڕزگاریان بکات لەو دۆخە، دەوڵەت نوێبوونەوەی بە خۆیەوە بینی و و لەدوای محەممەد کوبرولی (فەزیڵ ئەحمەد) ی کوڕی چووە جێگەی وبەردەوام بوو لەسەر ڕێڕەوی باوکی، لە ساڵی ١٦٦٣ز ھێزە عوسمانیەکان ھێرشان کردە سەر مەجەڕ وھەڕەشەی ڕوخانی ڤێیەنایان کرد ولە ساڵی ١٦٧٢ز دەستیان گرت بە سەر کرواتیاداو لە ساڵی ١٦٨٣ بۆ دوا جار گەمارۆی ڤێیەنایان دا و پاشان وازیان لێھێنا.
  • سوڵتان محەمەدی چوارەم ساڵی ١٦٨٧ز لابراو و سوڵتان سولەیمان خانی برای لە جێگەی دانرا، ئاژاوە ھەموو دەوڵەتەکەی گرتەوە، وشکست ڕوویکردە دەولەتی عوسمانی، نەمسا بێلگراد و بەشێک لە وڵاتی سربی داگیرکرد، وبوندقیە بەشێکی زۆری کرواتیا و دڵماسیا ومۆرەی داگیرکرد، مستەفا کوبرلی پاشا، دەوڵەتی لەو کیشانە دەرکرد کە کوڕێکی تری چاکسازی گەورە محەممەد کۆبرۆلی بوو، ھەوڵێکی زۆری دا بۆ دانانی ڕۆحی یاسا لە ناو سەربازەکان وچاکەی کرد لەگەڵ مەسیحیەکان ھەتا ھەموو مەسیحی دەوڵەتەکەی ڕاکێشا بەلای خۆیا، و توانی بەلەگراد و ھەرێمی ترانسلڤانیا بگێڕێتەوە لەگەڵ ئەوەشدا عوسمانیەکان نەیانتوانی ھیچ فەتحێکی نوێ بکەن لە سەروو ئەو سنورەی کە سولتان سولەیمان قانونی کێشابووی، ساڵی ١٦٩١ز سوڵتان سلێمانی دووەم کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٥٠ ساڵیدا.
سوپای عوسمانی لە سوپای نەمسا ومەجەڕ ئەدەن، لە سەردەمی کۆبرۆلی.
  • سوڵتان ئەحمەدی دووەم لە دوای سوڵتان سلێمانی دووەمی برا دەسەڵاتی گرتە دەست لە سەردەمی ئەمدا مستەفا کۆبرۆلی شەھیدکرا لە شەریک لەگەڵ نەمسای خاچپەرستدا، بوندقیە ھەندێک لە دوورگەکانی دەریای ئیجەی گرت و سوڵتان ئەحمەدی دووەم ساڵی ١٦٩٤ز کۆچی دوایی کرد.
  • پاشان سوڵتان مستەفای دووەم کوڕی موڕادی چوارەم دەسەڵاتی گرتە دەست، عوسمانیەکان سەرکەوتن بەسەر پۆڵەندا وقەیسەری ڕوسیان ناچارکرد گەمارۆ لە سەر شاری ئازوڤ ھەڵگرێت، و بۆسنە و ھەندێک دوورگەکانی دەریای ئیجەیان گێڕایەوە، بەڵام ڕوس ئەونەی نەبرد گەڕانەوە بۆ گرتنی ئازوڤ وسەرکەوتن بەسەر عوسمانیەکان لە شەڕی زانتە، وڕێکەوتن لەگەڵ ھەندێک لە وڵاتەکانی ئەورووپا لە دژی دوڵەتی عوسمانی وناچاریان کرد ڕێکەوتننامەی کارلۆڤیچ ئیمزابکات کە شاری ئازوڤی لە دەستدا لە بەرژەوەندی ڕوسیا، وپاشماوەی وڵاتی مەجەر بۆ نەمسا بێت وئوکراینا وبودۆلیا بۆ پۆڵەندا بێت، دلماسیا وھەندێک دوورگەکانی دەریای ئیجە بۆ بوندقیە بێت. ئەم ڕێکەوتنە سەرەتای کشانەوەی عوسمانیەکان بوو لە ئەورووپا وچوونە سەردەمی خێرا لێک ھەڵوەشانەوە بوو، ئینکیشاریەکان داوای لابردنی سەدریان کرد وخەلیفە ڕەتی کردەوە لەبەر ئەوە خەلیفەیان لابرد وچوار مانگ دوای ئەوە مرد.
پاشای سوید (شارلی دوانزەیەم)، کە داوای یارمەتی لە دەوڵەتی عوسمانی کرد.
  • بارودۆخی عوسمانی زیاتر تێک چوو لەسەرەتای سەدەی ١٨داو لە سەردەمی سوڵتان ئەحمەدی سێیەم، سوید داوای یارمەتی عوسمانیەکانی کرد بۆ شەڕ لەگەڵ ڕوسدا، عوسمانیەکان ئەو فرسەتەیان لەبەردەستا بوو کە دەست بگرن بەسەر قەیسەری ڕوس بوتڕسی گەورە، بەڵام سەدری ئەعزەم گەمارۆکەی ھەڵگرت لەبەرامبەر ڕەشوەدا، ئەمەش عوسمانیەکانی ناچار کرد ڕێکەوتنێکی تازە واژوو بکەن (ڕێکەوتنی بیسارۆڤیچ) کە عوسمانیەکانیان ناچارکرد دوورگەی کریت بگێڕنەوە بۆ بوندقیە، ودەست لە بەلەگراد و بەشێکی وڵاتی سڕب و ئەفلاق ھەڵگرێت بۆ نەمسا وبوندقیە کۆنترۆڵی دلماسیا بکات لەبەرامبەردا مۆرە بگێڕێتەوە بۆ عوسمانیەکان، ھەروەک ئەم سەردەمە سەرەتای وریابوونەوەی عوسمانی بوو بە کرانەوە بەڕووی ڕۆژئاوادا، ھەندێک دانراوی ڕۆژئاوایی وەرگێڕان، وڕیگە درا بە دانانی ناوەندی چاپکردن لە پایتەختا، ڕوخساری چاکسازی ئەوروپیان وەرگرت ھاوشان لەگەڵ پارێزگاری کردن لە بنەما عوسمانیە ئیسلامیەکان وشارستانی ڕۆژاوا ھاتە ناو دەوڵەتەکەوە بە شێوەی جیاواز وبەھێواشی، ھەندێک لە عیلمانیەکان دەرکەوتن، ھەروەک چەند وەفدێکی شارەزا ھاتن و شارەزاییەکەیان خستە خزمەتی دەوڵەت.
  • پاشان سوڵتان مەحموودی یەکەم حوکمی گرتە دەست، لەم سەردەمەدا ھەندێک لە شارەکانیان گەڕاندەوە بۆ سەفەویەکان وەک ھەمەدان وتەبرێز ولوڕستان، پاشان شەڕ ھەڵگیرسایەوە لە نێوان عوسمانیەکان و روسیادا، دوای ئەوەی ڕوسیا بە پاڵپشتی نەمسا پۆڵەندا داگیرکرد، دەولەتی عوسمانی لەگەڵ فارسەکان یەکی گرت و شکستی بە سوپای ڕوسی و نەمسا ھێنا وتۆڵەی لە نەمسا کردەوە بەوەی ناچاریکرد کە ئیمزای ڕێکەوتنی بەلەگراد بکات، بەپێی ئەمەش بەلەگراد و بەشێک لە وڵاتی سرب وئەفلاق گەڕێنرایەوە بۆ دەولەتی عوسمانی و ڕوسیا ئەبێت قەڵاکانی شاری ئازۆڤ بڕوخێنێت وھیچ لە کەشتیە جەنگی و بازرگانیەکانی بە دەریای ڕەشدا نەڕوات.
  • پاشان سوڵتان عوسمانی سێیەم دەسەڵاتی گرتە دەست بۆ ماوەی سێ ساڵ، لەم سەردەمە ھیچ ناکۆکی دەرەوە ڕووی نەدا وگرنگی دا بە چاکسازی ناوخۆ.
  • دواتر سوڵتان مستەفای سێیەم دەسەڵاتی گرتە دەست و جارێکی تر شەڕ دەستی پێکردەوە لە نێوان عوسمانی وڕوسدا، کاتێک عوسمانیەکان ھەندێک لە شارەکانین لە دەستدا لە بەرژەوەندی ئیمپراتۆری ڕوسی، لەگەڵ ھەرێمی ئەفلاق وبەگدان. ڕوس ھەوڵی داگیرکردنی تەڕابزۆنیان دا بەڵام نەیانتوانی، بەڵام دواتر توانیان قەڕم لە دەوڵەتی عوسمانی جیا بکەنەوە. عوسمانیەکان بە ھەموو شێوەیەک بەرگری ڕوسیان کرد ولەم کاتەدا ئیمپراتۆری ڕوسی شێوازێکی تری گرتە بەر بۆ تیکدانی دەوڵەتی عوسمانی، ئەویش شێوازی ئاژاوەی ناوخۆ بوو، شۆڕشی بە مەسیحیەکانی مۆرە کرد لە دژی عوسمانیەکان، وکەشتیگەلی ڕوسی ڕووی کردە مۆرە بۆ یارمەتی شۆڕشەکە، بەلام تێک شکێنرا، بەلام ھەندێک لە کەشتیگەلەکانی کە دەرچوون توانیان بەشێکی گەورەی کەشتیگەلی عوسمانی بسوتێنن، دواتر ڕۆیشتن بۆ داگیرکردنی دوورگەی لمنۆس، ھیزی دەریای عوسمانی ناچاری گەڕانەوەیان کردن وشۆڕشەکەی مۆرەیان کپکرد.
  • دوای نەخۆش کەوتنی سوڵتان مستەفای سێیەم عەبدول حەمیدی برای حوکمی گرتە دەست و شەڕ بەردەوام بوو لە نیوان ڕوس و عوسمانیدا تا ھەردوولا لەسەر ئاگربەست ڕێکەوتن لە بەرامبەر چەند خاڵێک لە بەرژوەندی ڕوسیا، کە گرنگترینیان، حەقی ڕوسیا بوو لە پاراستنی ھەموو مەسیحیە ئەرسەدۆکسیەکانی دەوڵەتی عوسمانی. لە ساڵی ١٧٧٨ز سوڵتان عەبدول حەمیدی یەکەم وەفاتی کرد.
سوڵتان سەلیم خانی سێیەم.

سوڵتان سەلیمی سێیەم

سەردەمی چاکسازیی ڕاست ودروست لە سەردەمی سولتان سەلیمی سێیەم دەستی پێردکە لە پێشەنگی چاکساز وسەرکردە ڕاستیەکانی دەوڵەتی عوسمانی دائەنرێت، وئەوانی دوای خۆی ڕێگای ئەمیان گرت، وچاکسازیەکانی ھەموو ڕوویەکی ژیانی گرتەوە، لە بەڕێوەبردن وڕۆشنبیری وئابوری وکۆمەڵایەتی وسەربازی. وخاوەن ڕۆشنبیریەکی فراوان بوو، کاتێک ھاتە سەر حوکم سەروەتەکانی وڵات لە ئاستیکی نزمدا بوو، وعوسمانیەکان لەشەڕدا بوون لەگەڵ نەمسا وڕوسیا بەڵام لێرەدا چاودێری قەدەر ھات وشۆڕشی فەڕەنسا ھەڵگیرسا، ئیمپراتۆری نەمسا ترسا لەوەی بگاتە وڵاتەکەی ئەویش، ڕێکەوت لەگەڵ عوسمانیەکان وبەلەگراد و وڵاتی سربی گەڕاندەوە بۆیان، سوڵتان سەلیم سودی لە پێشکەوتنی ڕۆژاوا وەرگرت و بیرۆکەی ڕژیمی سەربازی دانا لە جێگەی سوپای ئینکیشاری کە بووبونە سەرچاوەیەک بۆ ئاژاوە و شکست وقەڵای نوێی بنیاتنا وکەشتی لەسەر شێوەی فەرەنسی دروستکرد وداوای یارمەتی سویدی کرد بۆ دانانی تۆپخانە، وسەرچاوە زانتسیەکانی بیرکاری و ھونەری سەربازی وەرگێڕا، ڕژێمێکی ھەڕەمی دانا بۆ سەرکردایەتی سەربازی، ئاسایی بوو کە ناڕەزایی دروست بێت لەلایەن پارێزگارەکانەوە بۆ ئەم یاسا نوێیانە، ئینکیشاریەکان شۆڕشیان لێکرد لەبەر ئەو یاسا سەربازیە نویێە وازیان نەھێنا بە لابردنی سوڵتان بەڵکو کوشتیشیان لەسەر فەرمانی جێنشینەکەی.

لە گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی سوڵتان سەلیمی سێیەم، ھەڵمەتە فەڕەنسیەکان بوو بۆ سەر میسر بە سەرکردایەتی ناپۆلیۆن بۆناپارت، بەم شێوەیە دوژمنەکانی دوێنێ بوونە ھاوڕێ وبە پێچەوانشەوە، ھاوڕێیەتی فەڕەنسی عوسمانی کۆتایی ھات کە لە سەردەمی سوڵتان سلێمان قانونی کرابوو، وڕوسیا وبەریتانیا ڕێکەوتن لەگەڵ عوسمانیەکان بۆ دەرکردنی فەڕەنسا لە میسر، ھەر لەم سەردەمەدا کۆمار سەربەخۆی یۆنان پێک ھات لە ژێر چاودێری عوسمانیەکان.

  • لەم کاتەدا مستەفای چوارەم عەرشی عوسمانی گرتە دەست، بەڵام زۆری نەخایاند ئینکیشاریەکان لایاندا ومەحمودی برایان لە جێگەی دانا.

سوڵتان مەحمودی دووەم

سوڵتان مەحمودی دووەم.

لەم سەردەمە ڕووداوی گرتگ ڕوویدا لە ئاستی ناوخۆ ودەرەوە، ئەو لاوازیەی گەورەیەی دەوڵەتی عوسمانی گرتبوویەوە دوو ئاڕاستەی تیا دەرکەوت، یەکەمیان، ئەگەڕایەوە بۆ ئەو لاوازیەی دەوڵەتی عوسمانی گرتەوە بە ھۆی دوورکەوتنەوە لە ئیسلامەوە، ودووەمیان، لاسایی کردنەوەیەکی کوێرانەی ئەورووپا تا عوسمانیەکان بگەن بە پێشکەوتن. لە ئەنجامی ئاڕاستەی یەکەمیاندا بزوتنەوەی وەھابی دەرکەوت لە نیمچە دوورگەی عەرەبی، بانگەوازی پاککردنەوەی ئیسلامی ئەکرد لە ھەموو ئەو شتانەی خۆیان پیا ھەڵواسیوە بە دریژایی سەدەکان، سوڵتان محەممەد بە پێویستی زانی ئەم کۆمەڵەیە لەناو ببات کە ئەترسا وشەی ئیسلام جیابکەنەوە، محەممەد عەلی پاشای والی میسری ڕاسپارد بە دەستگرتن بەسەریاندا، ئەویش ئەوەی ئەنجامدا کە داوای لێکرابوو، وبزوتنەوەکەی لەناوبرد، ولە سەرەتای سەردەمی مەحمودی دووەمدا چەند دەوڵەتێکی ئەورووپا سەربەخۆییان ڕاگەیاند لە دەوڵەتی عوسمانی، کە سەرەتای جیابوونەوەی ئەوروپای ڕۆژھەڵات بوو لە دەوڵەتی عوسمانی، کاتێک سربیەکان دووجار شۆڕشیان کرد وداوای سەربەخۆییان کرد، دووجار دەوڵەتی عوسمانی لەناوی بردن، وپاشان بەڵێنی دا دەست وەرنەداتە کاروباری ناوخۆی سڕب، ودەسەڵاتی عوسمانی لە سڕبدا تەنھا لەسەر یەک قەڵا بێت، خێرا بە دوای ئەوە عەلی پاشای والی شاری یانیەی ئەلبانیا شۆڕشی کرد، سوڵتان سوپایەکی بۆ نارد توانیان دەستی بەسەرا بگرن ولەسێدارەیاندا، کێشەکان لە کۆڵ دەوڵەتی عوسمانی نەبوونەوە، یۆنانیەکان شۆڕشیان کرد بۆ سەربەخۆبوون، وئەو تیپە سەربازیە عوسمانیانەی نێرابوون بۆ سەرکوتکردنیان تێک شکان، لەبەر ئەوە سوڵتان داوای لە محەممەد عەلی پاشای والی میسر کرد شۆڕشی یۆنان خامۆش کات، کە ئەویش بەدەم داواکەوە چوو وکەشتی جەنگی نارد بۆ یۆنان، وتوانی سەرکەوتنی گەورە بە دەست بھێنێت بەسەر یۆنانیەکاندا، لەگەڵ ئەوەی یۆنانیەکان شۆڕشەکەیان سەرکەوت وسەربەخۆیی ولاتەکەیان جیا کردەوە لە دەوڵەتی عوسمانی دوای ئەوەی یارمەتیانەی لە وڵاتە ئەوروپیەکانەوە پێیان گەیشت، ھەروەک کەشتیگەلی عوسمانی تیک شکا لە شەڕی ناڤارین ساڵی ١٨٢٧ز لەسەر دەستی کەشتیە بەریتانی وڕوسیەکان. ئەم سەردەمە جیا دەکرێتەوە بە دارمانی خێرای دەوڵەتی عوسمانی و لە دەستدانی زۆربەی دەستکەوتەکانی لە ئەوروپادا، سوڵتان مەحمود چەند چاکسازیەکی گەورەی ئەنجامدا تا دەوڵەتەکەی لە ئاستی ئەوروپای ڕۆژئاوادا بێت لەبەرەوپێشچوندا، یەکەم ئیش کردی ھەڵوەشاندنەوەی ئینکیشاریەکان بوو، کە ھەوڵی یاخی بوونیان دا وکۆبوونەوە لە مەیدانەکانی ئەستانە، عوسمانیەکان تۆپبارانیان کردن، وسوڵتان دوای ئەوەی دەستی گرت بەسەر ئینکیشاریەکاندا، ڕژێمێکی سەربازی نوێی وەک ئەوروپیەکانی ڕاگەیاند، ھەروەک سوڵتان چەندین خوێندنگەی نوێی دامەزراند ودەستی ھەیئەی ئیسلامی لابرد لەسەر سەرپەرشتی فێربوون وخوێندکارانی ناردە دەرەوە بۆ خوێندن، وڕووی وڵاتی کردە تەقالیدەکانی ئەورووپا تەنانەت لە جل وبەرگدا.

داستانی ناڤارین لە نێوان کەشتیگەلی عوسمانی وئەوروپی، بە فڵچەی لویس ئەمپڕاوز.

ڕوسیا بڕیاری شەری دا لەگەڵ عوسمانیەکان دوای ئەوەی دەوڵەتی عوسمانی دانی نەنا بە بریارەکانی کۆنگرەی لەندەن کە ئاماژەی بە سەربەخۆیی یۆنان کرد، ڕوسیا توانی بەگدان و ئەفلاق داگیر بکات وگەیشتە شاری ئەدەرنە وھەڕەشەی ڕوخانی ئەستانەی ئەکرد، بەریتانیا وفەڕەنسا ھاتن بۆ ئەوەی ڕوس بوەستینن لەبەرەو پێشچوون لە ترسی بەرژەوەندی خۆیان لە ڕۆژھەڵات، ڕێکەوتنی ئەدرنە ڕوویدا لە نیوان ڕوس و عوسمانی کە بڕیار درا ڕوسیا زەویەکانی داگیری کردووە بگەرێنێتەوە بۆ عوسمانیەکان، بەرامبەر ئەوەی ڕوسیا قەرەبوو بکریتەوە لەو زیانانەی لێی کەوتووە وچەند تایەتمەندیەکی ھەبێت، وڵاتی سڕب سەربەخۆیی بدرێتێ ودەوڵەت ھەموو قەڵاکانی بۆ بگەڕێنێتەوە، و لە ناوەڕاستی ساڵی ١٨٣٠ز پەیوەندی نێوان عوسمانی و فەڕەنسیەکان تێکچوو جارێکی تر، کە فەڕەنسا دەستی گرت بە سەر جەزائیردا بە بیانووی ڕێگرتن لە دوژمنایەتی موسڵمانان بۆ کەشتیە بازرگانیەکانی، بەم شێوەیە دەوڵەتی عوسمانی جەزائیری بەتەواوی لەدەستدا لەگەل ئەو بەرەنگاریە گەورەیەی بە سەرکردایەتی عەبدول قادر جەزائیری کردیان بۆ ماوەی ١٧ ساڵ ناچاربوون خۆیان بەدەستەوە بدەن. لەدوای کەوتنی جەزائیر کێشەکان بەردەوام بوون لە دەوڵەتی عوسمانی کە والی میسر محەممەد عەلی پاشا تەماعی فراوانکردنی دەسەڵاتی خۆی گرتی لە کاتێکا بەھێزترین والی عوسمانیەکان بوو لە ڕۆژھەڵاتی عەرەبی، کە پیشتر سوڵتان مەحمود بەڵێنی ولایەتی شامی بە محەممەد پاشا دابوو لە بەرامبەر خزمەتەکانیا بەڵام دواتر پاشگەزبوویەوە لەو بەڵێنە کاتێک ھەستی کرد بوونی محەممەد پاشا لە شام خۆی مەترسیە بۆ دەوڵەتی عوسمانی، محەممەد عەلی بڕیاری دا کە ولاتی شام بەزۆر بگرێت، سوپاکەی نارد بەرەو فەلەستین وگرتی پاشان رۆیشت بەرەو کەنارەکانی لوبنان ویەک لە دوای یەک گرتنی، وبەخێرایی ڕۆیشت بەرەو سوریای ناوەڕاست وباکور، وسوپاکەی ڕۆیشتن بەرەو ئەنادۆڵ وھێزە عوسمانیەکانیان لە قۆنیە شکاند، کە ھەموو جیھان بینیان کۆتایی دەوڵەتی عوسمانی نزیکە. لە دوای شکستی قۆنیە سوڵتان مەحمود داوای یارمەتی ئەوروپای کرد، کەس داواکەی قبوڵ نەکرد ڕوسیا نەبێت، ١٥ ھەزار سەربازی نارد بۆ ئەستانە بۆ بەرگری کردن، ئەمەش بەریتانیا وفەرەنسای ترساند لە کاریگەری ڕوسیا لەبەر ئەوە ھاتنە نێوانیانەوە بۆ ڕێکەوتن لەگەڵ محەممەد عەلی پاشا، کە سوڵتان محەممەد عەلی کردە والی میسر و دوورگەی کریت وفەلەستین ولوبنان وئەدەنە. بەم شێوەیە کاریگەری روسیا بڵاوبوویەوە لە دەوڵەتی عوسمانیدا دوای ئەوەی ڕێکەوتن لەگەڵ عوسمانیەکان بیپارێزن لە ھێرشی میسریەکان وئەوانی تر. دواین رۆژەکانی سوڵتان مەحمود ھەولی گەڕانەوەی میسر و شامی دا و سوپایەکی نوێی کۆکردەوەوکاتێک لە فوراتەوە ھێرشی کردە سەر شام توشی کارەساتێک ھاتن وسوپای میسری شکاندنیان لە شەڕی نەسیبین ساڵی ١٨٣٩ز، بەڵام سوڵتان چەند ڕۆژێک پێش ئەوەی ھەواڵی ئەم شکاندنەی پێ بگات وەفاتی کرد.

سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم

سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم

سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم لە دوای باوکی (مەحموودی دووەم) ھاتە سەر حوکم، لاویک بوو لە تەمەنی ١٨ ساڵیدابوو، دەوڵەتی عوسمانی لە لێواری ڕوخاندابوو، بێ سوپا بوو بە ھۆی شکستی سوپای عوسمانی بەرامبەر میسریەکان، ھێزە چەکدارەکانیان پەرش وبڵاوبوونەوە وبێ کەشتیگەل بوون دوای ئەوەی کەشتیگەلە عوسمانیەکان ملکەچی کەشتیگەلە میسریەکان بوون لە ئەسکەندەریە، سوڵتان ویستی خیرا ڕێبکەوێت لەگەڵ محەممەد عەلیدا بەڵام فەرنسا پیی وت بە بێ ڕاوێژی ئەوان ھیچ بڕیارێکی لەسەر نەیات، وبەڵێنی دا بکەوێتە نێوانیانەوە وسوڵتان ڕازی بوو، پاشان ھەر یەکە لە بەریتانیا وڕوسیا وپروسیا ونەمسا کۆبوونەوە وڕێکەوتنێکیان کرد لەگەڵ عوسمانیەکان، بە محەممەد عەلیان وت تەنھا میسر بۆ خیزانەکەی ئەو ئەبێت وعەکا ھەتا خۆی لە ژیاندایە لە ژێر دەستیا ئەبێت، محەممەد عەلی ئەمەی ڕەتکردەوەو ونوێنەرە ئەوروپی ونوێنەری عوسمانیەکانی دەرکرد لە میسر، لەسەر ئەوەوە ھێزە بەریتانی ونەمساوی وعوسمانیەکان ھێرشیان کردە سەر کەنارەکانی شام وسەرکەوتنێکی گەورەیان بەسەر ھێزەکانی محەممەد عەلی ھینا بە سەرکردایەتی ئیبراھیم پاشا، وناچاری گەڕانەوەیان بۆ میسر کرد، بەمە شام گەڕایەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی عوسمانی، سەرکردایەتێکی ناوی ھەبوو بەسەر میسرەوە، لە دوای ئەم کێشەیە دەوڵەتە ئەورپیە گەورەکان ڕێکەوتێکیان لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی کرد ناسراوە بە ڕێکەوتنی لەندەنی تایبەت بە گەرووەکان، کە یاسای ئەم ڕێکەوتنە مایەوە بەسەر گەرووە عوسمانیەکانەوە بێ ئەوەی گۆڕانکاری جەوھەری تیا بکرێت تا جەنگی جیھانی یەکەم. لە سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیددا چەند ئاژاوەیکی ناوخۆ ڕوویاندا، ودەوڵەتەکە ڕۆژ بە ڕۆژ لاوازتر بوو، کە تەماعی دەوڵەتە ئەوروپیەکانی زیاد کرد بۆی، وئەوروپیەکان پلانیان دانا بۆ دابەشکردنی لە داھاتوودا.

ڕووبەڕووبونەوەی دەریایی لە شەڕی قەڕم، لە نێوان عوسمانی وڕوسیەکان

کێشەی ڕۆژھەڵاتی لە کۆتایی سەدەی ھەژدەوە ئەم شێوازەی ئێستای وەرگرت، لەگەڵ ھاتنەدواوەی فراوانبونی عوسمانی لە ئەوروپادا ولەدەستدانی سەرکەوتنە سەربازەکانیان بەسەر دەوڵەتە ئەوروپیەکاندا بە تایبەت لە بەرامبەر نەمسا وڕوسیا. بۆ ئەمەش سێ ھۆکار ھەبوو لاوازی زۆری دەوڵەتی عوسمانی، ودەرکەوتنی چەند نەتەوەیەکی بچوکی مەسیحی لە باڵکان، ئاژاوە ناوخۆییەکان لە ھەندێک لە ولایەتەکان، وھەموو ئەم ھۆکارانە ڕێگەیان خۆش کرد بۆ ئەورووپا تا دەستێوەردان بکەن لە کاروباری ناوخۆی عوسمانی وبەپێی بەرژەوەندی خۆیان بیجوڵێنن، و لەگرنگترین ئەو ڕووداوانەی ئەورووپا سودیان لێوەرگرت، ئەو ئاژاوە تائیفیە بوو کە لە وڵاتی شام ڕوویدا لە چلەکانی سەدەی نۆزدەدا، وگەیشتە لوتکە لە شاخی لوبنان، فەڕەنسا ھاتە ناوەوە بە بیانووی پاراستنی کاسۆلیک بە تایبت موارنە، وبەریتانیا ھاتە ناوەوە بۆ پشتگیری دڕوز، وروسیا بۆ پشتگیری ئەرسەدۆکس، چەند کوشتارگەیەکی گەورە ڕوویاندا لە ولاتەکەدا، دواتر جەنگی قەڕم کە ساڵی ١٨٥٤ز دەستی پێکرد لە نیوان ڕوسیا ودەوڵەتی عوسمانی لە گرنگترین قۆناغەکانی کێشەی ڕۆژھەڵات بوو، ئەم شەڕە قەیرانیکی دروست کرد لە ڕێکەوتنە نێودەوڵەتیەکاندا، ھاوپەیمانیە سیاسیەکان گۆڕان، بەریتانیا وفەڕەنسا لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانی وەستان بۆ پاراستنی زەویەکانی لە دژی ڕوس. لە کۆتاییەکانی سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەمدا، ئاژاوەیەکی تائیفی گەورە لە شام بڵاوبوویەوە لە دیمەشق وبیقاع وشاخی لوبنان لە نێوان مەسیحی وموسڵمانەکان بە گشتی ودروز وموارنە بە تایبەتی، کوشتارگەی گەورە ڕوویدا لە نیوانیان وژمارەی قوربانیەکان گەیشتە ١٢ ھەزار کەس، نوێنەرەکانی بەریتانیا وفەڕەنسا ھەردوو لایان ھانئەدا بۆ تۆڵە سەندنەوە وشۆڕشکردن، سوڵتان ترسا لە دەستێوەردانی دەرەوە، داوای لە بەرپرسە عوسمانیەکانی دیمەشق وبەیروت کرد کە بەپەلە بێدەنگیانکەن، وبەباشی داواکەیان جێبەجێ کرد، ودەوڵەتە ئەوروپیەکان فشاریان خستە سەر سوڵتان کە لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دروست بکرێت بۆ گەڕاندنەوەی ھێمنی بۆ شاخەکانی لوبنان ودیمەشق، سوڵتان عەبدول مەجید کۆچی دوایی کرد ساڵی ١٨٦١ز، دوای ئەوەی چەند چاکسازیەکی باشی کرد، دیارترینیان فەرمانی یەکسانی ئاینی بوو لە نێوان ھەموو دانیشتوانی دەوڵەتەکەیدا لە ساڵی ١٨٥٦زدا دەرچوو و بارودۆخی عوسمانیەکانی باش کرد وژمارەی خوێندەوارەکانی زیاد کرد، کە دواتر یارمەتی ژیانەوەی ئابوری دەوڵەتەکەی دا.

سوڵتان عەبدول عەزیزی یەکەم

موبایەعە درا بە عەبدول عەزیزی یەکەم بۆ گرتنە دەستی خەلافەت دوای مردنی عەبدول مەجیدی برای، لەم سەردەمەدا کەناڵی سوەیس کرایەوە وئەو شۆڕشەی لە دوورگەی کریت ھەڵگیرسا خامۆشکرا، وئەم سوڵتانە زۆر ئەگەڕا بە وڵاتەکانی دەرەوەدا، سەردانی میسر وفەڕەنسای کرد وھەوڵیدا ڕوسیا لە خۆی نزیک بکاتەوەتا ئەورووپا بترسێنێت، بەڵام لابرا بەپێی فەتوایەکی شەرعی بەھۆی ئەوەی پارەی دەوڵەت بە فیڕۆ ئەدات.

  • پاشان موڕادی برای دەسەلاتی گرتە دەست وسێ مانگ زیاتر بەردەوام نەبوو، لابرا بەھۆی ناھاوسەنگی عەقڵیەوە.

سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم

لە دوای موڕادی پێنجەم موبایەعە درا بە عەبدول حەمیدی دووەم، لەو کاتانە وڵات بە ئەزمەی گەورە وکێشەی ئابوریدا تێئەپەڕی، ئەزمەکان ھەڕەشەیان لە دەوڵەتەکە ئەکرد، بیرۆکەی جیابوونەوە پەرەی سەند وبۆ نەتەوەیی مانایەکی نوێ دروست بوو و بیرۆکەکەی گەشەی سەند لە ھەموو ولایەتەعوسمانیەکاندا، شۆڕش نوێ بوویەوە لە بۆسنەوھێرزۆگۆڤین، وبەردەوام بوو لە بولگاریا، سڕب وشاخی ڕەش لە شەڕدا بوون لەگەڵ دەوڵەت، لەبەر ئەم ھۆکارانە دەوڵەتە ئەوروپیەکان فرسەتیان ھێنا بێنە ناوەوە بەناوی ئەوەی ئاشتی بێننە کایەوە. ڕوسیا ونەمسا ھانی سڕب وشاخی ڕەشیان دا تا شەڕ بکەن لە دژی عوسمانیەکان، وروسیا بەڵێنی بە نەمسا وسڕب وشاخی رەشدا لەڕیزیاندا بوەستیت ئەگەر شەر بکەن لەگەڵ عوسمانیەکان، وشەڕ ڕوویدا لە نێوانیان وسوپای عوسمانی توانیان سەرکەوتنیان بە سەردا بھێنن، بەڵام دەستێوەردانی ئەورووپا شەڕەکەی وەستان، دەوڵەتە ئەوروپیە گەورەکان لیستێکیان خستە بەردەستی دەوڵەتی عوسمانی بۆ باشتر کردنی بارودۆخی مەسیحیەکان، دەوڵەت لیستەکەی ڕەتکردەوە، لەبەرئەوەی ئەمە دەستێوەردانی ڕاستەوخۆ بوو لە کاروباری دەوڵەت، ڕوسیا فرسەتی ھێنا وئەم ڕەتکردنەوەیەی بە ھۆکارێکی تەواو دانا بۆ شەڕ، ئەمجارە ئەورووپا یارمەتی خۆی پێشکەشی ڕوسیا کرد تا چی ئەویت بیکات بە عوسمانیەکان، ئەفلاق وبەگدان وبولگاریای داگیرکرد وگەیشتە ئەدەرنە ونزیک بوویەوە لە ئەستانە، وسوپاکەی ناردە ئەنادۆڵەوە، وسڕب وشاخی ڕەش شەریان ڕاگەیاند لە دژی دەوڵەتی عوسمانی، عوسمانیەکان داوای ڕێکەوتنیان کرد وڕێکەوتنی سان ستیڤانۆیان لەگەڵ روسدا کرد، کە تێیدا سەربەخۆیی سڕب و شاخی رەش وئەفلاق وبەگدان و بولگاریایان ڕاگەیاند، دواتر ئەم رێکەوتنە گۆڕانکاری تیا کرا لە کۆنگرەی بەرلیندا، کە زۆر لە خاکەکانی دەوڵەتی عوسمانیان دابڕی لێی، بڕیارەکانی کۆنگرەی بەرلین لاوازی دەوڵەتی عوسمانی دەرخست، یەکە سیاسی ونەتەوەییەکان ئەم لاوازیەیان قۆستەوە، لەم کاتانەدا تونسیان لە دەستدا کە فەڕەنسا داگیری کرد، پاشان قوبرسیان لە دەستا دوای ئەوەی بەریتانیا گرتی، میسر وسۆدانیشیان لە دەستدا بە بیانووی پاراستنی دەوڵەتی عوسمانی. گرنگترین ڕووداوەکانی سەردەمی عەبدول حەمید ئەزمەی ئەرمەنی وھەڵایسانی بزوتنەوەی سەھیۆنیەت بوو، کە ھەستان بە شێواندنی وێنەی دەولەتی عوسمانی وسوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم، داوای بنیاتنانی دەوڵەتی یەھودیان کرد لە فەلەستین وھانی یەھودیان دا کۆچی بۆ بکەن، بەڵام سوڵتان عەبدول حەمید بڕیاری ڕێ لێگرتنی بۆ دەرکردن، بەڵام لە کۆتاییدا لەژێر فشاری دەوڵەتە ئەوروپیەکانا ھەڵیانوەشاند.

سەردەمی ھەڵوەشان وکۆتایی دەوڵەت

بیرە نەتەوەیەکان بە تەواوی دەستیانگرت بەسەر دوایین سەردەمەکانی عەبدول حەمیدی دووەم، کۆمەڵەی ئیتیحاد وتەرەقی دامەزرا کە کاریگەری گەورەی ھەبوو لەناو دەوڵەتەکە، زۆر لە ئەفسەرەکان چوونە ناویەوە، سوڵتان عەبدول حەمید ویستی بەرگریان بکات وزانکۆی ئیسلامی دامەزراند بەڵام شکستی خوارد لەبەردەمیاندا، بە تایبەت دوای ئەوەی دەستیان گرت بەسەر زۆربەی سوپادا، ئیتیحادیەکان ڕاگەیاندنی دەستورێکی نوێیان سەپاند بەسەر سوڵتاندا تا جێگەی دەستوری یەکەم بگرێتەوە کە لە ساڵی ١٨٧٦ز ڕاگەیەندرابوو، دەستورەکە ڕاگەیەنرا وئیتیحادیەکان دەستیان گرت بەسەر زۆربەی کورسیەکانی پەرلەمان، کە بینیان سوڵتان ڕێگرە لە بەردەمیاندا، لایانبرد ومحەمەدی پینجەم لە جیگەی دانرا.

  • محەمەدی پێنجەم (محەممەد ڕەشاد) ھاتە سەر حوکم ودەوڵەت لە تیاچووندا بوو، ئیتیحادیەکان حاکم بوون بە کردار، لەم کاتانە دەوڵەت زۆربەی زەویەکانی لە دەستدا لە ئەورووپا، بیری نەتەوەیی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر گەشەی ئەسەند وحاڵی وڵات لە ئیفلاسدا بوو بەھۆی شەرە یەک لە دوای یەکەکان، ئەوروپیەکان دەستیان گرتبوو بەسەر سەروەتی دەوڵەتدا بۆ دانەوەی قەرزەکانی خۆیان، لە ھەمان سالدا لەبەر ئەوەی محەممەد ڕەشاد عەرشی گرتە دەست، ئیمپراتۆری نەمساوی مەجەڕی دەستی گرت بەسەر بۆسنە وھێرزۆگۆڤین، دوای سێ ساڵ ئیتاڵیا ھێرشی کردە سەر لیبیا، دوایین موڵکی عوسمانیەکان لە باکوری ئەفریقیا، عوسمانیەکان بە ھەموو توانایانەوە بەرگریان لێکرد بەلام نەیانتوانی ھیچ بکەن، لەدەستیاندا دوای ساڵیک شەری قورس، پاشان شەڕی بەلقانی یەکەم ھات کە سڕبیا وشانشینی شاخی رەش ویۆنان وبولگاریا گەورەیان کرد و دەوڵەت دوایین موڵکەکانی لە بەلقان لە دەستدا بێجگە لە تراقیای ڕۆژھەڵات وشاری ئەدەرنە، نزیکەی ٤٠٠٠٠٠ موسڵمانی دانیشتووی ئەو وڵاتە ھاتن بەرەو تورکیا لە ترسی ئەوەی سەربازەکانی دوژمن ئەیانکرد، لەم کاتانە کۆمەلەی ئیتیحاد وتەرقی ھەوڵی بەتورک کردنی ئەو نەتەوانەیاندا کە لە ژێر سێبەری دەوڵەتی عوسمانیدا ئەژیان، وەک عەرەب وکورد وشەرکەس وئەرمەن، لە ساڵی ١٩١٣ز عەرەبە نەتەوەییەکان کۆنگرەیەکیان لە پاریس بەست و دڵنیای خواستی عەرەبیان کردەوە لە پاراستنی یەکڕیزیی دەوڵەتی عوسمانی بە مەرجێک حوکمەت دان بنیت بە مافەکانیاندا، ئیتیحادیەکان بەڵینی ئەوەیان بە عەرەب دا بەڵام نەھاتە دی لەبەر ھەڵگیرسانی شەڕی جیھانی یەکەم.

جەنگی جیھانی یەکەم

شەرانگێزی جەنگی جیھانی یەکەم دەستی پێکرد لە ساڵی ١٩١٤ز، کاتیک ئەرشیدۆق فڕانز فەردیناند، وەرگری تەختی شاھانەی نەمساوی مەجەڕی لە سەرایڤۆی بۆسنەی سەر بە نەمسا کوژرا لەسەر دەستی یەکێک لە نەتەوەییە سڕبیەکان، ئیمپڕاتۆری نەمسای مەجەڕی، سڕبیای بە بەرپرسی ئەو کوشتنە دانا، ڕوسیا ھاتە ناوەوە بۆ پاڵپشتی سێربیا کە فەڕەنسا پاڵپشتی ئەکرد وئەڵمانیا جوڵا لە دژیان، پاشان بەریتانیا ھاتە شەڕەکەوە دوای ماوەیەکی کەم، وھاوپەیمانیەکان پێکھاتن، دەوڵەتی عوسمانی چووە پاڵ ئەڵمانیا ونەمسا و بولگاریا، دوای ئەوەی ھیوای ئەوەیان لە دەستدا کە لە فەڕەنسا وبەریتانیا نزیک بێنەوە، وشکستی خوارد لەوەی قەرزیان لێوەربگرێت، ودەوڵەتەکە لەرووی سیاسیەوە لادرا دوای شەڕەکانی بەلقان وئیتاڵیا، ھیچ ھەڵبژاردنیکیان نەبوو بێجگە لەوەی ئەڵمانیا نزیک ببنەوە کە بەرژەوەندی ئەبینی لە بڵاوبوونەوە لە ڕۆژھەلاتدا، لە ١٠ی ئابی ١٩١٤ز دەوڵەتی عوسمانی بە تەواوی چووە شەری جیھانی یەکەمەوە، کاتیک رێگەی بە ئەڵمانیا دا لە دەریای ناوەڕاستەوە بڕۆن بە گەرووی دەردەنیلدا بەروە دەریای ڕەش، ئەڵمانیا سەرکەوتنی گەورەی بەدەستھێنا لەلای ڕوسیاوە، ئەمەش ھیوای خستە دڵی ئیتیحادیەکان بۆ گەڕانەوەی ئەو زەویانەی لەرامبەر ڕوسدا لە دەستیان دابوو ھێرشیان کردە سەر بەندەرەکانی ڕوسیا لە دەریای ڕەشدا، ڕوسیا شەری ڕاگەیاند لە دژی دەوڵەتی عوسمانی، سوڵتان محەممەد شەری ڕاگەیاند وداوای لە موسڵمانان کرد بۆ تێکۆشان، بەڵام ئەوە نەھاتە دی چونکە زۆربەی موسڵمانەکانی جیھان لەژێر دەستی ئیستعماری بەریتانیا وفەرەنسادا بوون، ھێزە ئیستیعماریەکان زۆریان کردبوونە سەرباز لە سوپاکانی خۆیاندا، سوپای عوسمانی لە زۆربەی لاوە چوونە شەڕەوە بێ ئەوەی ئامادەکاری تەواویان بۆ کرد بێت، لەلای ڕوسیاوە تێکشکان، لە باشورەوە بەریتانیەکان لە فاوەوە ھاتنە کەنداوی عەرەبی ودەستیان گرت بە سەر عێراقدا، بەڵام پڕۆسەی نۆکەندی سوێس پیش کاتی خۆی تەقیەوەو عوسمانیەکان لەگەڵ میسریەکان ڕێکەوتن بۆ شەڕی بەریتانیەکان بەلام شکستیان خوارد، کەشتیگەلی ھاوپەیمانان ھێرشیان کردە سەر گەرووی دەردەنیل لە ھەنگاوێدا بۆ دەستگرتن بە سەر ئەستانە ودەرکردنی دەوڵەتی عوسمانی لە شەڕدا، ئەم کەشتیگەلە گەورەیە نەیتوانی گەرووەکە بگرێت، عوسمانیەکان تێکیان شکاندن لە داستانێکی وشکانیدا، کە تەنھا سەرکەوتنیان بوو لە بەرامبەر ئەو ھەموو بێھیوابوونەدا، لەم شەڕەدا مستەفا کەمال دەرکەوت.

ڕاگواستنی ئەرمەن لە ئەنادۆڵەوە بۆ شام.

لەم کاتانە کیشەی ئەرمەن جارێکی تر سەری ھەڵدایەوە، ئیتیحادیەکان دانیشتووی ناوچە ئەرمەنیەکانی ولایەتەکانی ڕۆژھەڵات و ئەنادۆڵی ڕۆژئاوایان گواستەوە بۆوڵاتی شام، بە ئامانجی پاراستنی ژیانی خەڵکی وپاراستنی ھێزە چەکدارەکان لە ئەگەری ڕوودانی خیانەت لەلایەن ئەوانەی کە پشتی ڕوسیا ئەگرن، ھەندێک لە ئەرمەن خۆبەخشانە چوونە سوپای ڕوسەوە وژمارەیەک لە دانیشتووە موسڵمانەکانیان کوشت، لەبەر ئەوە ئەرمەنە ڕاگوێزراوەکان دووچاری ئازاردان وکوشتن بوونەوە کە ئەم ڕووداوانەش ناسراون بە (کوشتارگەی ئەرمەن). دوای شکستی عوسمانی لە میسردا پەیوەندی نھینی لە نێوان بەریتانیەکان لە میسر و شەریف حسەینی کوری عەلی والی حیجاز و ھەندێک سەرکردەی عەرەبدا ڕوویدا، ڕێکەوتن کە عەرەب شۆڕش بکەن لە تورک لە بەرامبەردا ھاوپەیمانان سەربەخۆییان ئەدەنێ وخەلافەت ئەگەڕێننەوە بۆ عەرەب، لەسەر ئەم ڕێکەوتنە شەریف حسەین شۆڕشی ڕاگەیاند لەسەر تورکەکان، لە حیجاز دەریانکردن وھێزەکانیان نارد تا ھاوکاری بەریتانیا بکات بۆ گرتنی وڵاتی شام. لەم کاتەدا بەرگری تێک شکا لە بەلقان کە وای لە حوکمەتی سۆفیا کرد داوای ئاگربەست بکات، بابی عالی ھەستی بە مەترسی ھەڵوێستەکە کرد لەبەر ئەوەی شەڕەکە نزیک بوویەوە لە زەویەکانی تورکیا، عوسمانیەکان ڕێکەوتنی (مودرۆس) یان بەست لەگەڵ ھاوپەیمانان و لە شەڕ چوونە دەرەوە.

شەڕی سەربەخۆیی تورکی

سوڵتان محەمەدی شەشەم، وڵات بە جێ ئەھێڵێت بەرەو مەنفا، ساڵی ١٩٢٢ز.

سوڵتان محەمەدی پێنجەم مرد چەند مانگێک پێش کۆتایی جەنگ، براکەی محەممەد (وەحیدەدین) ی شەشەم ھاتە جێگای، مانگێک دوای ڕێکەوتننامەی مۆدرۆس ھێزە دەریاییە بەریتانی وفەڕەنسی وئیتاڵی وپاشان ئەمریکییەکان چوونە سەدەی زیڕینەوە، ھێزەکانیان دابەزاند لە ئەستانە کە کردیانە بنکەیەک بۆ چالاکیە سەربازیەکانی ھاوپەیمانان، ودەستیان گرت بەسەر بەندەرەکانی دەریای ڕەشدا، وخاکەکانی تورکیایان دابەشکرد، فەڕەنسیەکان میرسین و ئەدەنەیان گرت، وئیتاڵیەکان ئەنتاکیە وکوشاداسی وقۆنیەیان گرت، یۆنانیەکان ڕۆژئاوای ئەنادۆڵ وتراقیایان گرت، تورکەکان ملیان کەچ نەکرد بۆ داگیرکاری وپڕۆژەکانی، شۆڕش لە ھەموو وڵات ھەڵگیرسا بزوتنەوەیەکی نەتەوەیی لەخۆ ئەگرت کە مستەفا کەمال سەرکردایەتی ئەکرد، وحوکمەتێکی نیشتیمانی بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال دامەزرا ھەموو یاساکانی حوکمەتی پێشووی ھەڵوەشاندەوە، وسولتان وحوکمەتەکەی خستە دەرەوەی یاسا، سولتان ویستی دەست بگرێت بەسەر ئەم بزوتنەوەیە بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.

لەو ماوەیەدا سوڵتان ڕیکەوتننامەی سیڤەری واژوو کرد لەگەڵ ھاوپەیمانان، بەڵام حوکمەتە کەمالیەکە ڕەتیان کردەوە وپلانیان دانا بۆ ڕزگارکردنی تورکیا وسوڵتان داببڕن لە دەسەڵات، مستەفا کەمال توانی دوای چەند پێکدادانێکی توند لەگەڵ یۆنانیەکان سەرکەوتوو بێت وزەویە داگیرکراوەکانیان لێ بسەنیتەوە، ئاگربەستێکی نوێیان لەگەڵ ھاوپەیمانان گرێدا کە یۆنان دانی نا بە سەرکەوتنەکانی تورکیا، سوڵتان وازی لە ژیانی سیاسی ھینا ووڵاتی بە جێ ھێشت بەرەو ماڵتا ڕۆیشت، لە ١٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٢٢ز.

  • عەبدول مەجیدی دووەم عەرشی عوسمانی گرتە دەست، دوای ئەوەی مستەفا کەمال ڕێکەوتننامەی لۆزانی بەست لەگەڵ ھاوپەیمانان ودەستی لە زۆربەی زەویە عوسمانیە ناتورکیەکان ھەڵگرت، پاشان مستەفا کەمال کەوتە ھەوڵی شکۆدارکردنی خۆی و خەلافەتی ھەڵوەشاندەوە لە ساڵی ١٩٢٤ز، وعەبدول مەجیدی دەرکرد لە وڵات، بەم شێوەیە دەولەتی عوسمانی ڕوخا دوای ئەوەی ٦٠٠ ساڵ بەردەوام بوو، وخەلافەتی ئیسلامی لەگەڵیا کۆتایی پێھات دوای ئەوەی ١٤ سەدە بەردەوام بوو،

لە نەوەی عوسمانیەکان

دوای ئەوەی مستەفا کەمال عەبدول مەجیدی دووەمی دەرکرد، ھەموو خیزانەکەی لەگەل دەرکرد ودەستی بەسەر موڵکەکانیاندا گرت، ئەوانە چوونە مەنفا وڕێگەی گەرانەوەی بۆ تورکیا لێ قەدەغە کردن، دواتر ساڵی ١٩٧٤ز پەرلەمانی تورکی بڕیاری دەرکرد بۆ بەخشینی ڕەگەزنامەی تورکی بە ھەموو ئەو دوورخراوانەی کە لە نەوەی عوسمانی یەکەمن، پێیان راگەینرا لە رێگەی سەفارەتە تورکیەکانی ئەو ولاتانەی تیایا ئەژیان، لە لیستەکەدا ناوی محەممەد ئۆرخانی کوڕی محەممەد عەبدول قادر ھاتبوو، کە ساڵی ١٩٩٤ز وەفاتی کرد، وناوی (ئۆرتغرۆل عوسمان) ھاتبوو کە بچوکترین نەوەی سولتان عەبدول مەجیدی دووەم بوو، ئۆرتغرۆل عوسمان ناسرا کاتیک وەرگرتنی ڕەگەزنامەی تورکی ڕەت کردەوە دوای ئەوەی چەند جارێک خرایە بەردەمی، ئەیوت، ئەو ھاوڵاتیەکی عوسمانیە، بەلام لەگەل ئەوەشدا ھیوای ھەڵدانەوەی دەوڵەتی عوسمانی ناکات، وگەڕایەوە تورکیا سالی ١٩٩٢ز کە بۆ یەکەم جار بوو پێ بخاتە وڵاتی دایکەوە دوای نەفی کردنی خۆی وخیزانەکەی لە بیستەکانی سەدەی رابردوودا، وڕەگەزنامە وناسنامەی تورکی وەرگرت لە ساڵی ٢٠٠٢، کۆچی دوایی کرد لە تەمەنی ٩٧ ساڵیدا لە ساڵی ٢٠٠٩ لە ئەستەنبول، ھیچ مناڵێکی لە دوا بە جی نەما، بە مردنی ھیچ کەس نەما لەوانەی کە لە ژیاندا بوون پێش ڕووخانی دەوڵەتەکە، و تورکەکان ناویان نا (دوایین عوسمانی). (ئیبراھیم تۆفیق) حەفیدی حەفیدی سولتان عەبدول مەجیدی یەکەم، بە میراتگری یەکەمی عەرشی عوسمانی دائەنرێت، ھەروەک حوکمەتی تورکیا ئەڵێت، یەکێک لە ھاوڵاتیە ئەمریکییەکان کە بە نەژاد تورکە، ناوی (عەدنان گڵکور) ە بچوکترین میراتگری عوسمانیە.

ئابووری

بازاڕیگەورە لە ئەستانە، لە سەردەمی عوسمانی، سوڵتان محەممەد فاتیح بنیاتی نا

عوسمانیەکان دارایی و خەزێنەی دەوڵەتەکەیان ڕێکخست بەباشترین شێوە و چالاکتر بوو لە ھەر دەوڵەتێکی ئیسلامی پێشتر، بەردەوام ڕژێمی داراییەکەیان باشترین ڕژێمی سەردەمی خۆی بوو ولە سەروو ڕژێمی دارایی ھەموو ئیمپراتۆری و کۆمار و مەمالیک و میرنشینەکانی سەردەمی خۆی بوو ھەتا سەدەی ١٧، دەوڵەتە ئەوروپیەکان لەم ڕووەوە پێشی کەوتن، خەزێنەی عوسمانی گەشەی سەند لە سەردەمی زێڕینیاندا، وەزارتێکی تایبەت بە کاروباری داراییان دامەزراند و کەسێک سەرپەرشتی ئەکرد کە پێی ئەوترا (دەفتەردار) دواتر ناسرا بە وەزیری دارایی، لە چاکی بەڕێوەبردنی ھەندێک لە وەزارەتە داراییەکان کاریگەریەکی گەورەیان ھەبوو لە سەرکەوتنی فەتحی سوڵتانەکان و ھەڵمەتە سەربازیەکانیان.

دراو

دراوی عوسمانی لە سەرەتای دەوڵەتەکە بە قروش ناسرابوو کە لە بڕۆنز ومس دروستکرابوو، ولە کۆتایی دەوڵەتەکە لیرە بووە دراوی عوسمانی وناوی سوڵتانی سەردەمەکەیان بۆ زیاد ئەکرد، وەک (لیرەی مەجیدی) و (لیرەی ڕەشادی). ویەک لیرەی عوسمانی بەرامبەر بوو لەگەڵ ١٦٢ قرش. کە سەرەتا لیرەکان ئاڵتونی بوون، پاشان دەوڵەت پارەی کاشی دەرکرد بۆ یەکەم جار لە سەردەمی شەڕی جیھانی یەکەمدا، بە ھۆی ئەو بڕە زۆرەی بۆ شەڕ سەڕفکرا، نرخەکەی دابەزی لە بەرامبەر پارەی ئاڵتونی وزیوی، بەلام حوکمەت سور بوو لەسەر ئەوەی لیرەی کاغەز بەرامبەر بێت لەگەڵ لیرەی ئاڵتونو خەڵکی ناچار کرد ئیشی پێ بکەن بەو شێوەیە.

بازرگانی

عوسمانیەکان زۆر ناوەندی بازرگانی وبازاڕی گەورە وخانەیان کردەوە لەسەر ڕیگە سەرەکیەکانی بازرگانی تا بازرگان وگەشتیار وکارونەکان لێی دابەزن، چەند ناوەندێک ھەبوو شتومەکە بازرگانیەکانی تیا کۆئەکرایەوە ونرخیان بۆ جێگیر ئەکرا، کە وەک ئاڵوگۆڕی شتومەکی ئێستا ئیشی ئەکرد، بەم ناوەندە بازرگانیانەیان ئەوت دەبستان، سەرەتا لە بۆرسە وئەدەرنە دامەزران پاشان بە ھەموو دەوڵەتی عوسمانیدا بڵاوبوونەوە، وھەندێکیان تایبەت ئەکران بە فرۆشتنی کەل وپەلی تایبەت وەک، گەوھەر وقوماش کتێب وبۆن و فەڕش و بەھارات و لەدەوروبەری ئەم ناوەندانە فرۆشیاری پێویستیە ڕۆژانەکان ھەبوون لە خواردن وسوتەمەنی.

کشتوکاڵ و پیشەسازی

دەوڵەتی عوسمانی کۆنتڕۆڵی زەویە بە پیتەکانی ھەموو دەوڵەتەکەی کردبوو، لەوانە دەشتی بە پیتی وڵاتی شام و حەوزی ڕووباری دانووب، و حەوزی دیجلە و فورات، و دۆڵی نیل، و دەستەکانی ئاسیای بچووک و باکوری ئەفریقیا، کە ئەم ناوچانە بەپێی خاکەکەی و بوونی ئاو و زۆری بەرھەم ناسرابوون، بەرھەمی کشتوکاڵی ھەمە جۆر بوو، گەنم و ڕۆنی زەیتون و میوە و بەر و بوومی وەک ترێ، ھەنجیر، قۆخ، سێو، بادام، گێلاس، ھەرمێ و زۆری تر. بەرھەمی ئاژەڵی گرنگی لەوە کەمتر نەبوو، گرنگیەکی زۆر بە بەخێوکردنیان ئەدرا، پیشەسازی خواردەمەنی لە ھەموو لایەکی دەوڵەتەکە بڵاو بوویەوە کە لە سەرچاوە ڕووەکی و گیانەوەریەکان دەرئەھێنران دیارتریینیان پیشەسازی حەریر و خوری و سابوون بوو، و لەسەردەمی زێڕینی دەوڵەتدا پیشەسازی سەربازی پێش کەوت لە دروستکردنی چەکدا.

کۆمەڵگە و ڕۆشنبیری

دەروازەی زانکۆی ئەستەنبوڵ ساڵی ١٩٠٠ز

مێژوونوسان کۆکن لەسەر ئەوەی شارستانی عوسمانی تێکەڵێکە لە شارستانی نەتەوەکانی پێش خۆیان و نەتەوەکانیان سەردەمەکانیان، ئاسەواری عەرەب وفارسی تیا دەرئەکەوت لە ڕوویەکەوە، وئاسەواری بیزەنتی وئەوروپیکان لە ڕوویەکی ترەوە، ڕاسترین شت کە بوترێت لەسەر ئەمە ئەوەیە کە شارستانی عوسمانی درێژبوونەوەی شارستانی وخەلافەتی عەرەبی ئیسلامی بوو کە لە سەردەمی عەباسیدا گەیشتە لوتکە، بەلام عوسمانیەکان سروشتی تورکی خۆیان وزۆر لە کاریگەریە بیزەنتی و ئەوروپیەکانیان خستە سەر.

کۆمەڵگە

عوسمانیەکان بەوە ناسراون کە سیاسەتی لەناوبردنی نەتەوەکانی تریان پەیڕەو نە ئەکرد، جیاوازی ئەمان لەگەڵ داگیر کەردا ئەوە بوو کە داگیرکەری ئیستیعمار سوور بوو لە پێشێل کردنی وڵاتەکە و دانیشتوانی بەباری نەزانی ودواکەوتوویی بھێڵێتەوە بەڵام ئەمان لەگەڵ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتیانە یەکسان بوون وجیاوازیان نەکرد، کە زۆر لە مێژوو نوسان ئەمە بە ھۆکارێک دائەنێن بۆ لاوازبوونی دەوڵەت و جیابوونەوەی نەتەوەکان لێی لە دواییدا، بەڵام زۆری تر لەو باوەڕەدان کە ئەم فرە ڕەگەزییە ھۆکاری مانەوەیان بوو بۆ ماوەی ٦٠٠ ساڵ، کە سوڵتانەکان مافی سەربەستی ئاینی ونەژادیان بەخسیە کەمایەتیەکان، ھەندێک لە شارە عوسمانیە گەورەکان سروشتێکی ڕۆشنبیری وکۆمەڵایەتی تێکەڵیان ھەبوو وەک قوستەنتینیە وزۆر لە شارانەی تر کە گرنگی بازرگانی یان ئاینییان ھەیە یان پایتەختی ولایەتەکان بوون، لەو شارانەش کە تاکو ئێستا شارستانی عوسمانی تیایاندا ماوەتەوە، سەرایڤۆ، سکوبیە، سالۆنیک، دیمەشق، بەغدا، قودس، مەککە وجەزائر کە تا ئێستا لەم شارانەدا نیشانەی تەلارسازیە عوسمانیەکان وئاسەوارەکانیان ئەبینرێن

فێربوون

دەوڵەتی عوسمانی چالاککردنی فێربوونی مەدەنی پشت گوێخست لە قۆناغەکانی مێژوویدا تەنھا خوێندنگە تایبەتە ئیسلامیەکان نەبێت، وخوێندن پێش کەوت لە سەردەمی سوڵتان عەبدول مەجیدی یەکەم وئەوانەی دوای ئەو ھاتن بە تایبەت سوڵتان عەبدول حەمیدی دووەم زۆر گرنگی پێدا، کە خوێندنگەی ناوەندی وئامادەیی وپەیمانگەی تەکنیکی دامەزراند. وسولتان لە سەرەتای ساڵی ١٨٧٨ز خوێندنگەی تایبەت بە کاروباری دارایی، وماف، وھونەرە جوانەکان، وبازرگانی، وئەندازیاری، پزیشکی ڤێرتێنەری، وپۆلیس وپزیشکی نوێی دروست کرد، زۆر لە خوێندنگە و بوارە زانستیەکانی سوڵتانەکانی پێش خۆی بەرەو پێش برد وزانکۆی کردەوە وچەندین ھەوڵی تر لەو بوارەدا.

بیناسازی

مزگەوتی سوڵتان ئەحمەدی دووەم یان مزگەوتی شین.

عوسمانیەکان گرنگیەگی دیاریان دا بە بیناسازی، لە ھەموو دەوڵەتەکەیاندا تۆڕێکی فراوانی ڕیگا وپردیان بنیاتنا بەپشتبەستن بە لێھاتووی بیزەنتیەکانی بولگار، ھەروەک گرنگیان دا بە بنیاتنانی خوێندنگە و پەیمانگەی فێربوون، ودروستکردنی نەخۆشخانە وبیمارستان وناوەنی بەساڵاچووان، ودروستکردنی خواردنگەی جەماوەری بۆ ھەژاران وخانەیان دروست کرد بۆ دابەزینی گەشتیارە بیانیەکان، وگرنگیان دا بە دروستکردنی کتێبخانە ومۆزەخانە وتەلار ومزگەوت. بیناسازی پیشکەوت لە سەردەمی فراونبوون وفەتحەکاناد، ھەندێک مزگەوتەکان بە دیارترین ئاسەواری بیناسازی عوسمانی دائەنێن لەوانە، مزگەوتی سوڵتان محەممەد فاتیح لە ئەستەنبول، ومزگەوتی سوڵتان ئەحمەد ھەر لە ئەستەنبول، ومزگەوتی سوڵتان سولەیمان قانونی و مزگەوتی سوڵتان بایەزید وزۆری تر.

ھونەر وئەدەب

چینی حوکمڕانی عوسمانیەکان گرنیان بە مۆسیقا دا، کە ھەندێک لە سوڵتانەکان خۆیان پارچەی مۆسیقایان ڕێکخستووە وئاوازیان بۆ داناوە لەوانە سوڵتان سەلیمی سێیەم، مۆسیقای عوسمانی وەک زۆربەی سیما شارستانیەکانی عوسمانیەکان بە تێکەڵ دائەنرێت لە مۆسیقای بیزەنتی وعەرەبی وفارسی. شیعری عوسمانی بەشێوەیەکی زۆر کاریگەری شیعری فارشی لەسەرە و کاریگەری شیعری عەرەبی لە سەری کەمترە، لەبەر ئەوە عەرەبی وفارسی کاریگەریەکی گەورەیان لەسەر زمانی تورکی عوسمانی ھەبوو، شاعیرەکان بەردەوام بوون، وھەندێک لە سوڵتانە عوسمانیەکان شیعریان بە فارسی و عەرەبی دائەنا تا سەدەی نۆزدە، پاشان تورکەکان ڕوویان کردە دانانی شیعر بە تورکی.

ناوی خوا نوسراوە لە سەر دیواری eski camiiلە ئەدەرنە، تورکیا

دیمۆگرافیا

ھەژمارکردنی ژمارەی دانیشتووانی دەوڵەتی عوسمانی جێگەی لێدوانی مێژوونووسەکانە، لەبەر ئەوەی سەرچاوە سەرەتایەکانی ئەم باسە نادیارە. دەوڵەتی عوسمانی شێوازە نوێکانی بۆ ئاماری دانیشتووان بەکار نەھێناوە تاکوو ساڵی ١٨٣١ز، و ئاماری فەرمی دەرنەچووە تا ساڵی ١٨٨ز، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم ئامارانە یارمەتی دیارکردنی ژمارەی دانیشتووان نادەن بە تەواوی بۆ نموونە ئاماری ساڵی ١٨٣١ تەھا پیاو سەرژمێرکراوە و ھەموو لایەکی دەوڵەتەکەی نەگرتووەتەوە.

زمان

سێ زمان بە زۆری بەکار دەھێنران لە دەوڵەتی عوسمانیدا، یەکەمیان تورکی بوو، کە زمانی دایکیی تورکەکانە و زۆربەی دانیشتووانی ئەنادۆڵ و تراقیا پێی دەدوان لەگەڵ موسڵمانەکانی بالکان بێجگە لە ئالبانیا و بۆسنیا، بە شێوەیەکی ئاسایی زمانی تورکی بڵاو بوو لە ناو ڕۆشنبیرە ناتورکەکاندا بە تایبەت ئەوانەی فەرمانبەری دەوڵەت بوون، و زمانی فارسی زۆر باو بوو لە نێو ڕۆشنبیرە عوسمانییەکان، و زمانی عەرەبی دووەم گرنگی پێ دەدرا، کە زمانی لێدوانی دەوڵەتە عەرەبییەکانی ژیر حوکمی عوسمانی بوو، لەگەڵ ئەوەشدا کە ھەموو نەتەوە موسڵمانە ناعەرەبەکان لەبەر ئەوەی زمانی ئایینی ئیسلامە گرنگیان پێ داوە، زمانی تورکی زمانی ڕەسمی دەوڵەتی عوسمانی بوو، زمانی تورکیی عوسمانی جیاوازە لە زمانی تورکیی ئێستا لەبەر کاریگەری فارسی و عەرەبی لەسەری. ھەندێک زمانی تر بڵاو بوون لە دەوڵەتی عوسمانیدا بەڵام لە ئاستێکی کەمتردا، وەک: کوردی، سربی، یۆنانی، ماجاری، ئەرمەنی و بولگاری. ھەندێک لە تایفەکان زمانی تایبەتی خۆیان ھەبوو وەک سریانی و قەبتی بۆ مەسیحیە میسریەکان و عیبری بۆ یەھوودەکان.

ئایین

ئیسلام ئایینی ڕەسمی دەوڵەتی بوو، کە زۆربەی دانیشتووانی ویلایەتە ئاسیا و ئەفریقییەکان ئیسلام بوون لەگەڵ زۆر لە ناوچەکانی بەلقان، لەسەر مەزھەبی سوننە دەڕۆیشتن، و کەمایەتیکی شیعە ھەبوو بە شێوەیەکی گشتی لە عێراق و ھەندێک ناوچەی شامدا، لەگەڵ ڕێژەیەکی کەم لە دروز و عەلەوی لە لوبنان و سووریا و ئوردن و فەلەستین. عوسمانییەکان ڕێگەیان بە مەسیحی و یەھوودی دا کە نەریتە ئایینییەکانیان بە سەربەستی بە جێ بھێنن لە ژێر چاودێری دەوڵەتدا، و عوسمانییەکان وەک ھەموو دەوڵەتە ئیسلامییەکانی پێش خۆیان جزیەیان لە سەر دانیشتووانە ناموسڵمانەکان دانا لە بەرامبەردا لێیان خۆش بوون لە خزمەتی سەربازی.

ئەمانەش ببینە

سەرچاوەکان

  • الدولة العثمانیة، عوامل النھوض وأسباب السقوط، د. محمد علی الصلابی.
  • پوختەی مێژووی ئەورووپا، نوسینی/ د. جڤری بڕاون، وەرگێڕانی/ نھاد جلال حبیب اللە
  • وێکپیدیای عەرەبی
  • پوختەی مێژووی ئیسلامی، نوسینی/ د. سھیل طقوش، وەرگێڕانی/ نھاد جلال حبیب اللە
  • عوسمانیەکان، نوسینی/ کۆمەڵێک نوسەر، وەرگێڕانی/ سەلام عەبدول کەریم.