کاتەگۆری | |
---|---|
بەشێکە لە | زانستی بوون |
لێکۆڵینەوە لەلایەن | لۆژیک، واتاناسی، مێتافیزیک |
لە ئۆنتۆلۆجیدا، کاتەگۆرییەکان یان وتەزاکان[١] بەرزترین جنسەکان لە زنجیرەی جنسەکانن،[٢] کەوایە، بە بنچینەییترین و بنەڕەتیترین تێگەیشتەکان دەژمێردرێن. لێکۆڵین و چوون بە دوای کاتەگۆرییەکاندا بە مانای دەسنیشانکردنی بناخەییترین و بەربڵاوترین پۆلەکانی شتەکانە.[٣] بۆ ئەم مەبەستە، دەبێ بۆ ھەر کاتەگۆرییەک ئەوەی کە بە جیاوازیی ئۆنتۆلۆجیک ناسراوە دیاری بکرێ. لە ئەرەستوو بەم لاوە، گەلێ سیستمی جۆراوجۆری کاتەگۆری پێشنیار کراوە، لە زۆربەشیاندا کاتەگۆریگەلێک بۆ جەوھەر و عەرەز و پەیوەندی و بارودۆخ و پێشھات بەدی دەکرێن.[٤]
یەکێ لە ھۆگرەتییەکانی ئەرەستوو سەرنجدان بە چۆنیەتیی دابەشبوونی دنیای سروشت بە سەر پۆلە جیاجیاکاندا بوو. بۆ وێنە، چۆن لە پۆلێ وەک «گیانلەبەران»، ئەوەڵ، پۆلی «گیانلەبەرە دووپاکان» و، بە دوای ئەوە، پۆلی «گیانلەبەرە دووپا بێباڵەکان»، جیا دەبێتەوە.[٥] ئەو پەی بەوە بردبوو کە پۆلەکان بەپێی چۆنایەتیگەلێک کە گیانلەبەرەکە ھەیەتی، وەک ژمارەی پاکانی و شێوەی ڕێگەچوونی، لە یەکتر جیا دەکرێنەوە. ئەرەستوو لە کتێبەکەیدا دەڵێ ھەر قسەیەک کە لە بارەی بابەتێکەوە بوترێ و ھەر سیفەت و تایبەتمەندییەک کە شیاوی ئەوە بێ بدرێتە پاڵی، دەچێتە ناو یەکێ لە دە پۆلی جیاوازەوە کە «دە کاتەگۆری» یا «دە وتەزا» یا «مەقوولاتی عەشر» -یان پێ دەوترێ:
ھەروا کە لەم بەندەوە دیارە، دە کاتەگۆرییەکەی ئەرەستوو بریتین لە:[٦]
بۆ نموونە، لە بابەت بەچکەپشیلەکەی پوورە ئامینەوە، کە خۆی جەوھەرێکە، دەتوانرێ ئەمانە بوترێ: دوو کیلۆیە (چەندێتی) و مێیە (چۆنێتی) و ھیی پوورەیە (پەیوەندی) و سەعاتی ۹ی بەیانی (کات) لە پاڵ کوانووەکە (جێ) بە کزکۆڵەیی (بار) و بە سکێکی پڕەوە (خاوەنایەتی) خەوتووە (کردن) یا خەوێنراوە (کران).[٧]