ھونەری کۆتیکی (بە ئینگلیزی: Gothic art) شێوازێکی ھونەری سەدەکانی ناوینە کە لە ھونەری ڕۆمانسکییەوە دروست بووە لە باکووری فەڕەنسا لە سەدەی ١٢دا، کە بە پەرەسەندنی تەلارسازیی گۆتیکی نوێنەرایەتی دەکرا. ئەم ھونەرە بە گشت ناوچەکانی ئەورووپای ڕۆژاوادا بڵاوبووەوە، ھەروەھا لە چەندین ناوچەی ئەورووپای ناوەندی و باشووریش سەری ھەڵدا، ھەرچەندە زۆر بەناوبانگ بوو، ھێشتا بەسەر ھونەرە کلاسیکییەکەی ئیتالیادا سەرنەکەوت. لە سەدەی ١٤دا، شێوازێکی ئاڵۆزتری ھونەری گۆتیکی سەری ھەڵدا بە ناوی گۆتیکی نێودەوڵەتی، کە تاکوو سەدەی ١٥ پەرەی سەند. لە زۆرێک لە ناوچەکان، بە تایبەتی ئەڵمانیا، ھونەری گۆتیکیی کۆن ھەتاکوو سەدەی شازدەش پەرەی سەند و مایەوە، ھەتاکوو دواتر لەگەڵ ھونەری ڕێنێسانسدا تێکەڵ بوو. کارە ھونەرییە دیارەکانی دەمی گۆتیکی پێکھاتبوون لە پەیکەرتاشی، وێنەکێشانی سەر دار، وێنەکێشانی سەر شووشەکان، فرێسکۆ و مانیوسکریپتی ڕەنگدار. گۆڕانە زەقەکانی تەلارسازی لە ڕۆمانسکەوە بۆ گۆتیکی و دواتریش لە گۆتیکییەوە بۆ ڕێنێسانس زۆرجار وەک نموونەیەک بۆ ناساندنی دەمەکانی ھونەر بەکاردێن، ھەرچەندە ھونەرەکان بۆ ماوەی جیاجیا برەویان سەندووە.
کۆنترین ھونەری گۆتێکی پێکھاتبوو لە پەیکەری یادکردنەوە، کە لەسەر دیواری کەنیسە و کڵێساکان دەبیندرا. ھونەری مەسیحی زۆرجار تایپۆلۆجیکی بوون و چیرۆکی وەشانی کۆن و نوێی کتێبی پیرۆزیان پیشان دەدا لە تەنیشت یەکەوە. ئەم پەیکەرانە زۆرجار ژیانی قەشە و شێخەکانیان دەنواند، لە زۆر شوێنی تریشدا ڕەنگیان لەسەر ژیانی مریەم دەدایەوە کاتێک لەگەڵ مەسیح بووە و خزمەتی کردووە. لەم جۆرە ھونەرانەدا مریەم بەردەوام وەک دایکێکی بەسۆز نیشاندراوە.
ھەر لەم دەمەدا، ھونەری سێکیولار[ئ] ھاتە ئاراوە لەگەڵ فراوانبوونی شارەکان، دۆزینەوەی زانکۆکان، زۆربوونی بازرگانی و دامەزراندنی سیستمی ئابووری دراوی و ھەروەھا دروستبوونی کۆمەڵەی بۆرجوازەکان کە بەھۆی دەوڵەمەندییانەوە دەیانتوانی پشتگیریی ھونەر و کارە ھونەرییەکان بکەن کە بووە ھۆی ئاسانکاری لە بەردەم پەرەسەندن و برەوسەندنی ھونەر. لەگەڵ بەناوبانگبوونی سێکیولاریزم و بەناوبانگبوونی وێژە، ھونەری سێکیولاریش بەرەو ناوبانگ بەرز بووەوە. ھەر لەم دەمەدا، بەھۆی پەرەسەندنی کۆمەڵگەوە لە ڕووە گشتییەکانەوە، ھەروەھا زۆربوونی ھونەرمەندانیش، سیاسەتێک دروستبوو کە وای پێویست دەکرد وێنەکێشەکان ببنە ئەندام لە دەستە و کۆمەڵەی جیاجیادا، کە وای کرد ئامار و تۆماری وێنەکێشەران باشتر پاشەکەوت بکرێن و ناوی زۆرێک لە وێنەکێشان بمێنێتەوە، کە زۆرترین ناوەکانن مابێتنەوە لەو دەمەدا.
ھونەری گۆتیکی لە کڵێسای سان دونی دروستکراو لەلایەن ئابی شوگەر لە ئیل-دو-فرانسی فەڕانساوە سەری ھەڵدا،[١] لە سەرەتاشدا ھونەری گۆتیکی بە «کاری فەڕەنسی» ناودەبرا و دان بە گرنگی فەڕەنسا دەنرا لە سەرھەڵدانی ئەم ھونەرەدا.[٢] ئەم ھونەرە بە خێرایی بە چەندین چەشنی جیاجیا بڵاوبووەوە، لە تەلارسازییەوە بۆ پەیکەرتاشی (جا بچووک یان گەورە) و وێنەکێشان بە شێوەی وێنەی سەر دار، وێنەی سەر شووشە، فرێسکۆ و مانیوسکریپتی ڕەنگدار.[٣] گرووپە ئایینییە جیاجیاکان، بە تایبەتی سیستەرسییەکان، مۆنکەکان، و کارتوسیانەکان، ڕۆڵی گرنگیان بینیوە لە پەرەپێدان بە ھونەرەکە و بڵاوکردنەوەی بە ئەورووپادا. تەنانەت دوای سەرھەڵدانی شێوازێکی جیھانی ئەم ھونەرە بە ناوی گۆتیکیی نێودەوڵەتی کە تاکوو کۆتاییەکانی سەدەی ١٥ بەردەوام بوو لە پەرەسەندن، تەلارسازیی ئایینی ھێشتا بە گرنگی مایەوە و پەرەی پێ دەدرا، بە شێوەیەکی لێھاتبوو کە ھونەری گۆتیکیی ئایینی بەناوبانگترین ھونەر بووە لەم دەمەدا.
ھەرچەندە ھونەری گۆتیکی سێکیولار زۆر بووە لە کۆندا، بە گشتی، ڕێژەی مانەوەی ھونەرە ئایینییەکان زیاتر بووە لەچاو سێکیولارەکاندا. زۆرێک لەو کارە ھونەرەییانەی لەم دەمەدا بەرھەم دەھێنران ئایینی بوون، جا خەڵکی دروستیان کردبێت یان کڵێسا و کەنیسەکان. ھونەری گۆتیکی، ھەر وەک ھونەری مەسیحی، بە ھەمان شێوە لە سروشتدا تایپۆلۆجیکی بووە، وایان لێکداوەتەوە کە وەشانە کۆنەکەی کتێبی پیرۆز لە وەشانە نوێکە زیاتر بووە، ئەمەش لێکچوونە سەرەکییەکەیان بووە. دیمەنەکانی ھەردوو وەشانەکەی کتێبی پیرۆز شان-بە-شانی یەکتری پیشان دراون لە کارە ھونەرییە ئایینییەکانی ئەو دەمە، بەتایبەتی لە دیکۆر و پەیکەرەکانی پەرستگاکان. ھونەری گۆتیکی ڕۆڵێکی گەورەی بینیوە لە نواندنی مەسیح و مریەم. لەم ماوەیەدا، مەسیح و مریەم بە شێوازێکی واقیعیانەتر لە جاران کێشراون و دروست کراون، ھەروەھا ھونەرە سۆماییەکانی ئەم دەمە بە ھەمان شێوە یارمەتی دەربڕینی «خۆتەرخانکردنی مریەمی» یان داوە.[٤] وشەی «گۆتیک» وەک ھاوواتایەکی تری وشەی «بەڕبەڕی» بەکارھاتووە و ھەندێک لە ھونەرمەندانی دەمی کلاسیک و ڕێنێسانس ڕقیان لێی بووە و بە «نەخۆشی» ناویان ھێناوە.[٥][٦] ھونەری گۆتێکی بە توندی ڕەخنەی لێگیرا لەلایەن نووسەرانی فەڕەنسی وەک نیکۆلا بوێلۆ و ژان دو لا بووریێر و ژان ژاک ڕوسۆ پێش ئەوەی وەک جۆرێک لە ھونەر دانی پێدا بنرێت.[٧]
وێنەکێشی بە شێوازێک کە بە گۆتیکی ناسرابێت ھەتاکوو ساڵی ١٢٠٠ دەرنەکەوت، کە نزیکەی ٥٠ ساڵ دوای دەرکەوتنی ھونەری گۆتێکی دەکات. گۆڕانی ھونەری لە ڕۆمانسکەوە بۆ گۆتیکی زۆر ناڕێکە و بە زەحمەت تێبینی کراوە چونکە ھیچ گۆڕانکارییەکی مەزن لە بەینی ھەردووک شێوازەکەدا تێبینی ناکرێت. لە ھونەری گۆتیکیدا، پەیکەرەکان زیاتر سۆزبەخشن و کاردانەوەی دەموچاوەکان بەھێزتر و دیارتر دروستکراون بەراورد بەوانەی ڕۆمانسک، ھەروەھا پەیکەرەکان بە گشتی بۆشاییەکی زیاتر داگیر دەکەن بەراورد بەوانەی ڕۆمانسک. گۆڕانەکە بە زەقی لە ئینگلتەرا و فەڕەنسا دەرکەوت لە ١٢٠٠ەکاندا، دواتریش لە ئەڵمانیا لە ١٢٢٠ەکان و لە ئیتالیاش لە ١٣٠٠. ھەرچەندە وێنەکانی دەمی ڕۆمانسک پێش گۆتیکی لەسەر دیواری کڵێساکان ھەڵدەواسران، ئەورووپا ھێشتا لەو دەمەدا ئامادە نەبوو کە تابلۆکان وەک دیکۆرێک بەکاربێت بەھۆی ئایینەوە.[٨] ھەرچۆنێک بێت، وێنە گۆتیکییەکان، بە ھەمان شێوەی پەیکەرە گۆتیکییەکان، شێواز و ستایلی تابلۆکانیان بەرەو شێوەیەکی زیندووتر برد و شێوازی تابلۆکان سروشتی تر بوون. لەبەر ئەوەی ھونەری گۆتیکی بە سەرەکی وەک شێوازێکی ھونەری ئایینی بەکاربراوە، زۆرێک لە تابلۆ و وێنە گۆتیکییەکان کەسایەتی ئایینی لەخۆ دەگرن، بە تایبەتی مەسیح و مریەم.[٩] بە تێپەڕبوونی کات، شێوازی وێنەکانیش ئاڵۆزتر دەبوون و وێنەکێشەکان دەستیان دەکرد بە گەڕان بە دوای واتای قووڵتر لە وێنەکانیاندا. ھونەری گۆتیکی بە چوار میدیای سەرەکی پەرەی سەند: پەیکەرتاشی، وێنەکێشانی سەر دار، وێنەکێشانی سەر شووشەکان، فرێسکۆ و مانیوسکریپتی ڕەنگدار.
فرێسکۆکان ھێشتا وەک داھێنانێکی ھونەری سەرەکی مایەوە لەسەر دیواری کڵێسا و کەنیسەکان. سوید و دانیمارک زۆرێک لە فرێسکۆیان بۆ ماوەتەوە. لە باکووری ئەورووپا، وێنەی سەر شووشە بووبە شێوازێکی گرنگی وێنەکێشان تاکوو سەدەی پانزەیەم، پێش ئەوەی وێنەکێشانی سەر دار جێی بگرێتەوە.[١٠] مانیوسکریپتە ڕەنگدارەکانیش بەڵگەن لەسەر بوونی ھونەری گۆتیکی لەو ناوچانەی ھیچ وێنەیەک یان پەیکەرێکی گۆتیکی نەماوەتەوە.
<ref>
ھەڵە؛
ھیچ دەقێک بۆ ژێدەری books.google.com
نەدراوە{{cite web}}
: Check date values in: |accessdate=
و |archive-date=
(help)
{{cite web}}
: Check date values in: |accessdate=
(help)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە ھونەری گۆتیکی تێدایە. |
ھەڵەی ژێدەرەکان: <ref>
tags exist for a group named "kurdish-alpha", but no corresponding <references group="kurdish-alpha"/>
tag was found