مستەفا کەمال ئاتاتورک | |
---|---|
Mustafa Kemal Atatürk | |
لەدایکبوون | Ali Rıza oğlu Mustafa ١٨٨١ سەلانیک (ئیمپراتۆریەتیی عوسمانی) |
مەرگ | ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ (بە تەمەنی ٥٧
) کۆشکی دۆڵمەباخچە (تورکیا) |
گۆڕ | Anıtkabir، Ethnography Museum of Ankara |
زانکۆ | |
پیشە | سیاسەتوان، ئەفسەری سەربازی، کەسایەتی دەوڵەت، نووسەر، شۆڕشگێڕانە، army officer |
حیزب | پارتی کۆماریی گەل |
ھاوسەر | لەتیفە ئوشاکی |
مناڵ | سەبیحە گۆکچەن، Ülkü Adatepe، Abdurrahim Tuncak، Afet İnan، Zehra Aylin، Rukiye Erkin، Nebile İrdelp، Sığırtmaç Mustafa |
باوان | |
خێزان | مەقبوولە ئەتادان |
خەڵاتەکان |
|
واژوو | |
پلە | سەرۆک کۆماری تورکیا (١٩٢٣–١٩٣٨)، ئەندام پەرلەمانی تورکیا، Chairman of the Cabinet of the Executive Ministers of Turkey (١٩٢٠–١٩٢١)، سەرۆک وەزیرانی تورکیا (١٩٢٠–١٩٢١) |
Rank | Mareşal (١٩٢١–١٩٢٧) |
لق | Turkish Land Forces |
Titles | پاشا، Ghazi |
مستەفا کەمال ئاتاتورک (بە تورکی: Mustafa Kemal Atatürk؛ زۆر جار دەنووسرێت کەمال ئاتاتورک[١][٢] یان مستەفا کەمال پاشا[ئ]؛ لە دایکبووی دەورووبەری ١٨٨١ - مردووی ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨) سەرباز، مارشال، پیاوی دەوڵەتی شۆڕشگێڕ، نووسەر، باوک و دامەزرێنەری کۆماری تورکیا بوو. یەکەمین سەرۆککۆماری تورکیا بوو لە ماوەی ١٩٢٣ تاکوو مردنی لە ساڵی ١٩٣٨. وە کۆمەڵێک چاکسازی لە ناو دەوڵەت کرد، ئەمەش لە پێناو بە ھاوچەرخکردنی تورکیا بوو بەرەو سێکولاریزم و دەوڵەتێکی پیشەسازی.[٣][٤][٥] ئەتاتورک کەسێکی سێکولار و نەتەوەپەرست بوو، سیاسەتەکانی ئەتاتورک بە کەمالیزم دەناسرێتەوە. بەھۆی دەستکەوتە سەربازی و سیاسییەکانییەوە، ئەتاتورک بەیەکێک لە کاریگەرترین کەسایەتییەکانی سەدەی بیستەم دادەنرێت.[٦]
ئەتاتورک لە کاتی جەنگی جیهانیی یەکەم و لە ساڵی ١٩١٥ بەهۆی سەرکەوتنەکەی لە شەڕی گالیپۆلی ناسرا، کە تێیدا وەک کەسایەتییەکی سەرەکی لە ناو تورکی عوسمانی دژ بە هێزە هاوپەیمانەکان بەشدار بوو.[٧] دوای شکست و کەوتنی دەوڵەتی عوسمانی ئەوا ئەتاتورک ڕێبەرایەتی لە بزووتنەوەی نەتەوەپەرستیی تورکی کرد، ئەم بزووتنەوەی داکۆکی دەکرد لە مانەوەی سنووری تورکیا بەیەکپارچەیی. لەو دەمە ئەتاتورک حکوومەتێکی لە ئەنقەرە دامەزراند، ئەو هێزە هاوپەیمانەکانی بەزاند کە دواتر لەلایەن تورکەکان ناونرا جەنگی سەربەخۆیی تورک. دوابەدوای ئەوە، ئەتاتورک پڕۆسەی هەڵوەشاندنەوەی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەستپێکرد و دامەزراندنی کۆماری تورکیای لەجێگای ئەودا ڕاگەیاند.
وەک یەکەم سەرۆکی تازەکار، کەمال ئەتاتورک دەستیکرد بە داڕشتنی پڕۆگرامێکی دەستپێشخەری بۆ چاکسازیکردن لە بوارەکانی سیاسەت، ئابووری و کەلتوور بەو ئامانجەی کە وڵاتێکی پێشکەوتوو و سێکولار دامەزرێنێت. لەم هەنگاوەیدا، خوێندنی سەرەتایی کرایە خۆڕایی، ئەلفووبێی زمانی تورکی عوسمانی گۆڕدرا بۆ تورکی لاتینی. مافی سیاسەتکردنی یەکسان درایە ژنان،[٨] هەروەها مافی دەنگدانیش درایە ژنان.[٩]
حکوومەتەکەی ئەتاتورک پڕۆسەیەکی بە تورکاندنی دەستپێکرد، هەوڵیدا وڵات بکاتە وڵاتێکی یەک نەتەوە.[١٠][١١][١٢] لە ژێر دەسەڵاتی ئەتاتورکدا، کورد، کۆمەڵە و کەمایەتییە ناتورکەکان لەژێر زەبر و فشاردا دەبوو بە تورکی قسە بکەن،[١٣] لەلایەکی دیکەش، پاشناو و ناوی شوێنی لەدایکبوونیان دەبوو بکرێتە تورکی.[١٤][١٥] هەر لە سەردەمی سەرۆکایەتی ئەتاتورک ڕەشەکووژیی دەرسیم ڕوویدا. لە ساڵی ١٩٣٤، پەرلەمانی تورکیا پاشناوی ئەتاتورکی بە مستەفا پاشا بەخشی کە بەمانای "باوکی تورکەکان" دێت، ئەمەش وەک ڕێزێک بوو لە کارەکانی بۆ درووستکردنی دەوڵەتی تورکیا.[١٦] ئەتاتورک لە ١٠ی تشرینی دووەمی ١٩٣٨ لە کۆشکی دۆلمەباخچە، ئەستەمبول لە تەمەنی ٥٧ ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.[١٧] سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی تورکیا، عیسمەت ئینۆنو شوێنی ئەوی گرتەوە. لە ساڵی ١٩٥٧ ئارامگەکەی لە ئەنقەرە بۆ درووست کرا، کە لە دەوریدا پارکی ئاشتی هەیە کە ئەم پارکە لە ژێر وتەیەکی ئەتاتورک ئەو ناوەی وەرگرتووە، "ئاشتی لە وڵات، سەقامگیرییە لە جیهان".
کەمال ئەتاتورک لە دایکبووی (لە ژێر ناوی عەلی ڕەزا ئۆغلو مستەفا واتە مستەفای کوڕی عەلی ڕەزا) مانگە سەرەتاکانی ١٨٨١ بوو،یان ئەوەیە لە گەڕەکی فەرماندە ئەحمەد یانیش لە ماڵێک (ئێستا کراوەتە مۆزەخانە) لە شەقامی ئسلاحخانە (ئێستا پێی دەگوترێت ئەپۆستۆلو پاڤلۆو)، لە شاری سەلانیک لە دەوڵەتی عوسمانی، ئێستا ئەو شارە بەهەمان ناوەوە دەکەوێتە وڵاتی یۆنان.[١٨] باوکی ئەتاتورک، عەلی ڕەزا ئەفەندی ئەفسەرێکی سەربازی بوو کە لە بنەڕەتدا خەڵکی گوندی کۆجاجیک بوو، کە ئێستا ئەو گوندە دەکەوێتە مەکدۆنیای باکوور. دایکی ئەتاتورک ناوی زوبەیدە خانم بوو. لە خێزانەکەیدا، تەنیا یەک خووشکی ئەتاتورک بە سەلامەتی مایەوە ئەویش ناوی مەقبولە بوو، ناوبراو لە ساڵی ١٩٥٦ کۆچی دوایی کرد.[١٩] بە قسەی قسەی نووسەر ئەندرو مانگەر، ئەوا خێزانەکەی ئەتاتورک موسڵمانێکی تورکزمان بوون و تاڕادەیەک بە چینی ناوەڕاستدا هەژمار دەکران.[٢٠] هەندێ لە نووسەران ئاماژەیان بەوە کردووە کە باوکی ئەتاتورک لە بنچەدا ئەلبانییە.[٢١][٢٢][٢٣] لەبەرامبەردا کۆمەڵێک نووسەر وەک فالیح ئەتایی، ڤامک دی ڤۆلکان و نۆرمان ئتزکۆویتز لەو بڕوایەدان کە عەلی ڕەزا تورک بووە، هەروەها خەڵکی سۆکە بووە لە پارێزگای ئایدین.[٢٤][٢٥][٢٦][٢٧][٢٨][٢٩] توێژەران لەو بڕوایەدان کە زوبەیدە خانمی دایکی ئەتاتورک تورک بووە.[٣٠][٣١]
ئەو ناوی یەکەمی مستەفا بوو، هەروەها ناوی دووەمی کەمال بوو (واتە کەسێکی تەواو یان پێگەیشتوو)، بەپێی سەرچاوەکان ئەو ناوە لەلایەن مامۆستای بیرکاری پێی درابوو. بە قسەی ژنە مێژوونووسی تورک، عفەت عنان ئەوا لەبەر پێگەیشتوویی و کارامەیی مستەفا بوو ئەوا مامۆستاکەی ناوی کەمالی لێ نابوو،[٣٢][٣٣] لەبەرامبەردا هەندێ سەرچاوەی دیکە هەن کە دەڵێن بۆئەوەبووە کە مامۆستاکە بتوانێت قوتابیانی پۆلەکەی لێک جیا بکاتەوە.[٣٤][٣٥] هەروەها ژیاننامەنووس ئەندرو مانگۆ ئەوەی ورووژاندووە کە مستەفا ناوی کەمالی لە خۆ نابێت لەبەر خۆشەویستی بۆ شاعیری نەتەوەیی تورک نامق کەمال.[٣٦] لە تەمەنی منداڵیدا، دایکی هانی داوە بۆ ئەوەی بچێتە حوجرە و مەکتبە ئاینییەکان، ئەتاتورک ماوەیەکی کەم لە قوتابخانە ئاینییەکان ماوەتەوە. دواتر لەسەر خواستی باوکی چووەتە قوتابخانەی شەمسی ئەفەندی (قوتابخانەیەکی ناحکومی بوو کە زیاتر مەیلیان بۆ سێکولاریزم هەبوو). ئەتاتورک کاتێک تەمەنی گەیشتبوو بە حەوت ساڵان، باوکی مرد.[٣٧] دواتر دایکی حەزی بەوە بووە کە کوڕەکەی بچێتە ناو بواری بازرگانی، بەڵام ئەتاتورک بەبێ ڕاوێژکردن بە ماڵەوە ئەوا لە ساڵی ١٨٩٣ پەیوەندی کردووە بە قوتابخانەی سەربازیی سالۆنیکا. لە ساڵی ١٨٩٦، ئەتاتورک چووەتە ناو دواناوەندی سەربازیی مۆناستیر (لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دەکەوێتە شاری بیتۆلا، مەقدۆنیای باکوور). لە ١٤ی ئازاری ١٨٩٩،[٣٨] ئەتاتورک بەهاوڕێیەتی لەگەڵ هەریەکە لە عەلی فوئاد و لوتفی موفیت چوو بۆ ئەکادیمیای سەربازیی عوسمانی لە ناوچەیەک لە شاری قوستەنتینە (ئەمڕۆ: ئەستەمبوڵ)، دواتر لە ساڵی ١٩٠٢ لە ئەکادیمیاکە دەردەچێت. هەروەها لە ١١ی کانوونی دووەمی ١٩٠٥ لە کۆلێجی سەربازیی عوسمانی دەرچووە.[٣٨]
بەماوەیەکی کورت دوای تەواوکردنی خوێندن، بەهۆی بەشداریکردنی لە چەند چالاکی و ڕێپێوانێک دژی دەسەڵاتی شاهانە دەستگیرکرا. دوای چەند مانگێک بەهەوڵی بەڕێوبەری قوتابخانەکەی، ڕەزا پاشا ئازادکرا.[٣٩] دوای ئازادبوونی، ئەتاتورک ئەرکی ئەوەی خرایە سەرشان کە بچێتە ناو سوپای پێنجەم لە دیمەشق ئەمەش وەک یەکێک لە ستافەکانی کاپتنێک بوو.[٤٠] لەو دەمە ئەتاتورک چووە پاڵ کۆمەڵەیەکی شۆڕشگێریی بچووک کە بەنهێنی کاریان دەکرد بە سەرکردایەتی بازرگان مستەفا جانتەکین، ناوی کۆمەڵەکەش ئازادی و نیشتمان بوو. لە ٢٠ی حوزەیرانی ١٩٠٧، پلەی کەمال ئەتاتورک بەرزکرایەوە بۆ کاپتنی باڵا هەروەها لە ١٣ی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵ، گواسترایەوە بۆ بنکەی سەرەکی سوپای سێیەم لە ماناستر.[٤١] ئەتاتورک چووەتە ناو کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی (یەکێتیی و پێشکەوتن)، بەئەندامی ژمارە ٣٢٢، لەگەڵ ئەوەشدا دوای چەند ساڵێک ئەوا بۆچوونەکانی لەگەڵ پارتەکە بوونە دژیەک و بەکەسێکی ئۆپۆزسیۆنی ناو پارتەکە دادەنرا ئەمەش بەوەی بەردەوام ڕەخنەی هەبوو لە سیاسەت و کارەکانی سەرکردایەتی کۆمەڵەکە. لە ٢٢ی حوزەیرانی ١٩٠٨، بوو بە پشکنەر لە هێڵی ئاسنینی دەوڵەتی عوسمانی لە ڕۆژهەڵاتی ڕومێلیا.[٤٢] لە تەمموزی ١٩٠٨، ڕۆڵی سەرەکی گێڕا لە ناو شۆڕشی لاوانی تورک کە تێیدا دەسەڵاتیان لە سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم سەند و دەستووری وڵاتان بۆ دەستووری ساڵی ١٨٧٦ گەڕاندەوە.
کەمال پێشنیارێکی ئەوەی دا کە سوپا لەگەڵ دەسەڵاتی سیاسیی جیابکرێتەوە، ئەم پێشنیارە بەلای کۆمەڵەی ئیتحاد و تەرەقی پەسەند نەبوو هەربۆیە ناوبراویان دوور خستەوە بۆ ویلایەتی تریپۆلیتانیا (لیبیای ئەمڕۆ، ئەوکاتە ناوچەیەک بوو لە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەتی عوسمانی) ئەمەش بۆ ئەوەی کاربکات لەسەر سەرکوتکردنی یاخیبوونە خێلەکییەکانی ناوچەکە،[٤٣] ئەم دوورخستنەوەیە تاکوو ساڵی ١٩٠٨ بوو. بە قسەی میکوش ئەوا ئەتاتورک خۆبەخشانە ئەم ئەرکەی لەسەر بوو. کەمال لە سەرکوتکردنی ئەم شۆڕش و جووڵانەوە سەرکەوتوو بوو بەمەش لە کانوونی دووەمی ١٩٠٩ گەڕایەوە قوستەنتینیە. لە نیسانی ١٩٠٩ لە قوستەنتینە گرووپێکی دژە-شۆڕش دامەزرا. ئەتاتورک لە سەرکوتکردنی شۆڕشەکانی ئەو دەمە ڕۆڵێکی گرنگی گێڕا.[٤٤]
لە ساڵی ١٩١٠، کەمال بانگکرا بۆ ئەوەی بچێتە هەرێمی ئەلبانیای عوسمانی.[٤٥][٤٦] لەو دەمە عیسا بۆلەتینی ڕێبەرایەتی سەرهەڵدانەکانی ئەلبانیای دەکرد لە کۆسۆڤۆ، هەروەها لە شۆڕشی ئەلبانیش.[٤٧][٤٨] هەر لەو ساڵەدا، ئەتاتورک چاوی کەوت بە ئەکرەم ڤلۆرا دەسەڵاتداری ئەلبانی، سیاسی، نووسەر هەروەها یەکێکیش بوو لە پشتیوانە سەرەکییەکان بۆ سەربەخۆیی ئەلبانیا.[٤٩][٥٠] لە ساڵی ١٩١١، بۆ ماوەیەکی کەم کەمال کرایە وەزیری جەنگ لە قوستەنتینە.
لە ساڵی ١٩١١، کەمال ئەتاتورک خۆبەخشانە لە جەنگی ئیتالی-تورک بەشداری کرد،[٥١] جەنگەکە لە ویلایەتی ترابلووس بوو (لیبای ئەمڕۆ).[٥٢] ئەو لە ناوچەکانی نزیک دەرنا و تەبروق بەشدار بوو.[٥٣] ئیتالیا بە هێزی ١٥٠ هەزار پیاو؛[٥٤] بەرامبەر بە ٢٠ هەزار لە تیرەی بەدەوییەکان و ٨٠٠٠ تورک جەنگا.[٥٥] بەماوەیەکی کورت بەر لەوەی کە ئیتالیا ئەم جەنگە ڕابگەیەنێت، ئەوا دەوڵەتی عوسمانی بەشێکی زۆر لە هێز و چەکەکانی لیبای بردە ویلایەتی یەمەن بۆ ئەوەی یاخیبووەکانی ئەوێ سەرکوت بکات، بەهۆی ئەمەشەوە عوسمانییەکان لە جەنگی بەرامبەر ئیتالیا دۆڕان. لەلایەکی دیکەشەوە هێزەکانی بەریتانیا کە سنووری هەرێمەکانی میسر و سوودانی عوسمانییان گرتبوو ئەوا ڕێگەیان نەدەدا لە سنووری ئەوانەوە هێز و چەکی عوسمانی بگاتە لیبیا. سەربازە عوسمانییەکانی لەنێویاندا ئەتاتورک لەوانەیە بە جلوبەرگی عەرەبەوە چووبن بۆ لیبیا (سەرباری مەترسی زیندانیکردنیان لە ئەگەری گیرانیان لەلایەن دەسەڵاتی بەریتانییەوە) یانیش بەهۆی ئەو کەشتییە زۆر کەمانەی کە بەردەست بوون لەو کاتە (ئیتالییەکان کە هێزی دەریایی باڵایان هەبوو، بە چڕی ڕێگا دەریاییەکانیان بۆ تەرابلوس کۆنترۆڵ کرد بوو). بەڵام سەرەڕای هەموو سەختییەکان، هێزەکانی ئەتاتورک لە لیبیا لە چەندین بۆنەدا توانیان ئیتالییەکان بەرپەرچ بدەنەوە، وەک لە شەڕی تۆبروک لە ٢٢ی کانوونی دووەمی ١٩١١.
لە شەڕی دێرنا لە ١٦-١٧ی کانوونی دووەمی ١٩١٢، لە کاتێکدا ئەتاتورک هێرشی دەکردە سەر قەڵای قەسری هارون کە لە ژێر کۆنترۆڵی ئیتالیادا بوو، دوو فڕۆکەی ئیتاڵی بۆمبیان خستە سەر هێزەکانی عوسمانی؛ بەردێک لە باڵەخانەیەکی ڕووخاودا کەوت و بە چاوی چەپی ئەتاتورک کەوت، ئەمەش بووە هۆی تێکچوونی هەمیشەیی شانەکانی چاوی، بەڵام بینینی بەتەواوی لە دەست نەدا. دواتر نزیکەی مانگێک چارەسەری پزیشکی وەرگرت. لە ٦ی ئازاری ١٩١٢دا، ئەتاتورک بووە فەرماندەی هێزەکانی عوسمانی لە دێرنە. تا کۆتایی جەنگی ئیتالیا-تورکیا لە ١٨ی تشرینی یەکەمی ١٩١٢دا توانی بەرگری لە شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری بکات. دواتر ئەتاتورک، ئەنوەر بەی و فەتحی بەی گەڕانەوە دەوڵەتی عوسمانی ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتاییدا بە ئیتالییەکان دۆڕان. لە ئەنجامی ئەم جەنگدا، دەوڵەتی عوسمانی ناوچە و شارەکانی تەڕابلووس، فیزان و بەرقەی لە دەستدا بۆ شانشینی ئیتالیا.[٥٦] دوای دە ڕۆژ پەیمانی ئۆوچی لە شاری لۆزان واژووکرا، ئەمەش دوای ئەوەهات کە ئیتالییەکان دەیان ویست سوود لە باروودۆخی ئەو سەرکەوتنەیان وەربگرن.[٥٦]
لە ساڵی ١٩١٤، دەوڵەتی عوسمانی هاتە ناو جەنگی جیهانیی یەکەم و لە شەڕەکانی ناوچە ئەورووپییەکان و ڕۆژهەڵاتی ناوین بەشداری کرد، لەو جەنگەدا عوسمانییەکان بوونە هاوپەیمانی هێزە ناوەندییەکان لە پاڵ ئیمپراتۆریەتیی ئاڵمانی، بولگاریا، نەمسا-هەنگاریا. لەو کاتەدا، ئەتاتورک ئەرکی رێکخستن و فەرماندەیی فیرقەی نۆزدەهەمی پەیوەست بە سوپای پێنجەم لە کاتی شەڕی گالیپۆلی پێدرا. ئەو بوو بە فەرماندەی هێزەکانی هێڵی پێشەوە، ئەمەش دوای ئەوە بوو کە بە دروستی پێشبینی کرد کە هاوپەیمانان لە کوێ هێرش دەکەن، ئەتاتورک پێگەی خۆی گرت لەو پۆستە تا ئەو دەمەی کە پاشەکشەیان کرد. ئەتاتورک تا ١٤ی کانوونی دووەمی ١٩١٦ لە ئەدیرنە خزمەتی سەربازیی کردووە، دواتر بۆ فەرماندەیی فەیلەقی شازدەهەمی سوپای دووەم دەستنیشانکرا و دوای ئەوەی هێرشە بەرفراوانەکەی ڕووسیا گەیشتە شارە سەرەکییەکانی ئەنادۆڵ، ڕەوانەی کەمپەینی قەفقاز کرا، ئەمەش دوای هێرشە بەرفراوانەکەی ڕووسیا بوو کە گەیشتە شارە سەرەکییەکانی ئەنادۆڵ. لە ٧ی ئابدا، سەربازەکانی کۆکردەوە و هێرشێکی بەرپەرچدانەوەی ئەنجامدا. دوو لە فیرقەکانی شارەکانی بیتلیس و مووشیان گرت.[٥٧][٥٨]
دواتر حكوومەتی یەکێتیی و پێشکەوتن (CUP) لە قوستەنتینیە، پێشنیازی دامەزراندنی سوپایەكی نوێ لە حیجاز و دانانی ئەتاتورک وەک فەرماندەی ئەو سوپایە کرد، بەڵام ئەتاتورک پێشنیازەكەی رەتكردەوە و دواتریش هەرگیز ئەم سوپایە دانەمەزرا.[٥٩] بەڵکو لە ٧ی ئازاری ١٩١٧دا، ئەتاتورک لە فەرماندەیی فەیلەقی شازدەهەمەوە بەرزکرایەوە بۆ فەرماندەیی گشتی سوپای دووەم، لەو دەمە هەر زوو سوپای ڕووس کشانەوە کاتێک شۆڕشی ڕووسیا سەریهەڵدا.[٦٠][٦١]
لە تەمموزی ١٩١٧ وەک فەرماندەیی سوپای حەوتەم دامەزرا ، لە ٧ی ئابی ١٩١٧دا جێگەی فەوزی پاشای گرتەوە، کە لە ژێر فەرماندەیی گروپی سوپای یڵدرم سەر بە ژەنەڕاڵی ئەڵمانی ئێریچ ڤۆن فالکنهاین بوو (بەڵام دوای ئەوەی هێزەکانی ئینگلیز توانیان ئوورشەلیم بگرن، ئەوا ئۆتۆ لیمان ڤۆن ساندەرس شوێنی ئێرچی گرتەوە وەک فەرماندەی سوپای یڵدرم لە سەرەتاکانی ١٩١٨).[٦٢][٦٣] دوای ڕەتکردنەوەی چەند پێشنیازێکی سەربازیی، ئەوا ئەتاتورک دەستی لە کار کێشانەوە و گەڕایەوە قوستەنتینە.[٦٣] لەوێدا ئەرکی یاوەریکردنی شازادەی جێنشین (سوڵتانی داهاتوو) محەممەد وەحیدەدین پێسپێردرا لە گەشتە شەمەندەفەرەکەیدا بۆ نەمسا-هەنگاریا و ئەڵمانیا.[٦٣]
کاتێک محەممەدی شەشەم لە تەمموزی ١٩١٨ بوو بە سوڵتانی نوێی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، ئەتاتورکی بانگ کرد بۆ قوستەنتینیە و دوای چەندین کۆبوونەوە لە مانگەکانی تەمموز و ئابی ١٩١٨، دووبارە بۆ فەرماندەیی سوپای حەوتەم لە فەلەستین راسپێردرا.[٦٤] ئەتاتورک لە ٢٦ی ئابی ١٩١٨ گەیشتە حەلەب، پاشان بەرەو باشوور بەردەوام بوو تا بنکەی سەرەکیی خۆی لە نابلوس. سوپای حەوتەم بەشی ناوەندیی هێڵەکانی پێشەوەی بەدەستەوە بوو. لە ١٩ی ئەیلولدا، لە سەرەتای شەڕی مەگیدۆدا، سوپای هەشتەم لایەنی کەنار دەریاکانی گرتبوو بەڵام لەیەک کەوتن و لیمان پاشا فەرمانی بە سوپای حەوتەمی کرد کە بەرەو باکوور بکشێنەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێزی بەریتانی بکەن لە گرتنی ڕووباری ئەردەن. دواتر ئەم پلانە لە ٢١ی ئەیلوولی ١٩١٨، بەهۆی بۆردومانی ئاسمانی بەریتانیا لەناوچوو.[٦٥] لەو دەمە، سوپای عوسمانی تەنیا توانی بەرگری لە حەلەب بکات.[٦٦]
دواتر، شەڕەکە لە لە ٣٠ی تشرینی یەکەمی ١٩١٨ بە ئاگربەستی مودرۆس کۆتایی هات. هەموو سەربازانی ئەڵمانیا و نەمسا-هەنگاریا لە ئیمپراتۆریەتی عوسمانیدا کاتێکی زۆریان پێدرا بۆ کشانەوە. لە ٣١ی تشرینی یەکەمدا ئەتاتورک بۆ فەرماندەیی گروپی سوپای یڵدرم دەستنیشانکرا و جێگەی لیمان ڤۆن ساندەرز گرتەوە.[٦٣]
لەگەڵ دامەزراندنی کۆماری تورکیا، هەوڵەکان بۆ مۆدێرنکردنی ئەو وڵاتە دەستی پێکرد. حكوومهتی نوێ شیكاری بۆ دامهزراوه و دهستوورهكانی وڵاتە رۆژئاواییهكانی وەک فەڕەنسا، سوید، ئیتالیا و سویسرا كرد و لهگهڵ پێداویستی و تایبهتمهندییهكانی نهتهوهی توركدا گونجاندیان. بەهۆی کەم شارەزاییانەوە لە نیازەکانی ئەتاتورک، خەڵکی دڵخۆشبوون و پێیان وابوو کە دەگەڕێتەوە سەرەتاکانی سەردەمی خەلافەتی ڕاشدین.[٦٧] ئەتاتورک پلەی سیاسیی بە هەریەکە لە فەوزی چاکماک، کازم ئۆزلاپ و عیسمەت ئینۆنو بەخشی تاکوو دەست بکەن بە چاکسازییەکان. سوودی لە ناوبانگەکەی وەک سەرکردەیەکی سەربازی وەرگرت و ساڵانی دواتر تا مردنی لە ساڵی ١٩٣٨دا بە دامەزراندنی چاکسازی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتی بەسەر برد. بەم کارە کۆمەڵگای تورکی لە هەستکردن بەخۆی وەک بەشێکی موسڵمان لە ئیمپراتۆریەتێکی فراوان گۆڕی بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی مۆدێرن و سێکولاریزم.[٦٨]
the Surname Law was meant to foster a sense of Turkishness within society and prohibited surnames that were related to foreign ethnicities and nations
{{cite book}}
: Unknown parameter |ناونیشان=
ignored (help)
کۆمنزی ویکیمیدیا، میدیای پەیوەندیدار بە مستەفا کەمال ئاتاتورک تێدایە. |